رووداو دیجیتاڵ
دوو هاوژین کە کێشەیان هەیە، ئامادەنین منداڵەکانیان بەخێوبکەن. یەکێک لە منداڵەکانی ئەو دوو هاوژینە کە تەمەنی تەنیا سێ ساڵە، لە نەخۆشخانەی راپەڕینی هەولێرە و هەموو جەستەی لێدان و ئەشکەنجەیە. دوو رۆژە نوور لەگەڵ برایەکی 8 ساڵانی لە نەخۆشخانەکە لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.
یەحیا ئەمیر، برای نوور کە لەگەڵی لە نەخۆشخانەیە و دایک و باوکیان ئامادەنین بەخێویان بکەن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەردەوام لێی دەدا [باوکی لە نووری دەدا] بە شەق و نەعل لێیداوە و زۆر ئازاری داوە."
ئیدارەی نەخۆشخانەی راپەڕینی هەولێر دەڵێن، باوکی نوور بۆ چارەسەری تەندروستی، کچەکەی بردبووە نەخۆشخانە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، منداڵەکانی جێهێشتوون و ئێستا نە دایک و نە باوکیان ئامادەنین بەخێویان بکەن.
ژنێک کە هاوەڵی منداڵەکانە لە نەخۆشخانە بە رووداوی گوت، "باوکی بەخێرایی منداڵەکانی هێنایە نەخۆشخانە و لێرە داینا و رۆیشت، تاوەکو ئێستا نەهاتووە لێیان بپرسێتەوە."
ئەو کچە تەمەن 3 ساڵە، بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە تووشی خوێنبەربوون بووە. عەبدولئەمیر حەمە رەشید، باوکی منداڵەکان کە سێ ژنی هێناوە و نوور و براکەی منداڵی ژنی دووەمن و دوو ساڵە دایکیان تۆراوە و ماڵی جێهێشتووە، دەڵێت، کوڕە گەورەکەی کە نەخۆشیی ئۆتیزمی هەیە، ئەو لە نووری داوە.
عەبدولئەمیر حەمە رەشید باسی لەوە کرد، "ناوێرم منداڵەکانم بێنمەوە، لەوێ بن باشترە، ئەگەر تەنانەت لەوێ بشمرن، ئەو منداڵە کە نەخۆشیی ئۆتیزمی هەیە، لێیداون. پۆلیس پێم دەڵێن ئەو منداڵانە هەرچییان لێبێت تۆ بەرپرسیاری. منیش ناوێرم بیان هێنمەوە ماڵ."
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو دەچێتە لای دایکی نوور، دەڵێت، هاوژینەکەی لە نووری داوە نەک کوڕە نەخۆشەکەی. باس لەوەش دەکات کە پێشتریش هاوژینەکەی چەند جارێک لەو دوو منداڵەی داوە.
دایکی منداڵەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خۆی لە منداڵەکانی داوە، کوڕە نەخۆشەکەم لە نووری نەداوە. ئەوە چەند جارێکە لە من و لە کوڕە نەخۆشەکەشی داوە، با حکومەت مافم وەربگرێت و ئەو سزابدرێت. تەڵاقم بدات ئەوکات منداڵەکان وەردەگرمەوە."
کێشەی ئەو دوو هاوژینە دوو ساڵە لە دادگەی هەولێرە. بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە دادگە بڕیار لەسەر جیابوونەوەی ئەو دوو هاوژینە بدات، چارەنووسی ئەو منداڵانەش بەندە بە بڕیاری دادگە کە ئەرکی بەخێوکردنیان دەکەوێتە ئەستۆی کامیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ