رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاریدا لە سێ گوندی پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان هەڵبژاردن نەکرێت.
لقی شارۆچکەی جزیرێی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رۆژی هەینی، 7ـی نیسانی 2023، بڕیاریدا لە سێ گوندی سەر بە پارێزگەی شرنەخ سندووقی دەنگدان دانەنرێت.
بەپێی دوایین رێنماییەکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، هەر گوندێک لە نۆ دەنگدەر کەمتری هەبێت، سندووقی دەنگدانی تێدا دانانرێت. لەسەر ئەو بنچینەیە لە سێ گوندی سنووری شارۆچکەی باسا سندووقی دەنگدان دانانرێت. گوندەکان بریتین لە گوییان، زیڤینکی شیکاکان و کەرهار.
لە گوندی گوییان هیچ هاونیشتمانییەک ناژیت بەهۆی ئەوەی چۆڵکراوە؛ لە گوندی زیڤینگی شیکاکان تەنیا دوو کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە گوندی کەرهاریش حەوت کەس هەن کە مافی دەنگدانیان هەیە و هەربۆیە سندووقی دەنگدان لەو سێ گوندە دانانرێت.
لقی شارۆچکەی جزیرێی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا تۆماری ئەو نۆ دەنگدەرەی گواستەوە نزیکترین گوند کە سندووقی دەنگدان تێیدا دادەنرێت و هەڵبژاردنی تێدا بەرێوەدەچێت.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە.
لەو هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 کەس لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 کەسیش لە دەرەوەی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ