رووداو دیجیتا:
کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، "بەداخین بۆ هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیانی ئاسایی و بێتاوانی هەرێمی کوردستانی عێراق."
ئەم راگەیێندراوەی کۆنسووڵخانەکە دوای ئەوە هات کە کاژێر 12:15 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 7ی نیسانی 2026، دەنگی تەقینەوەی درۆن و بڵێسەی ئاگر دانیشتووانی گوندی زەرگەزەویی نزیک هەولێری لە خەو راچڵەکاند و، درۆنێک بە ماڵی هاونیشتیمانییەکی گوندەکە کەوت و ژن و مێردێکی لە شیرینیی خەودا شەهید کرد.
کۆنسووڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی بەشەرەف و حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەم رووداوە سەرکۆنە دەکەین و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی کەسوکار، گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
ئاماژە بەوەش دەکات، "پەنابەخوا جارێکی دیکە ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە و خەڵکی ناوچەکە لە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانەدا دەتوانن پەیوەندییە باشەکانیان قووڵتر بکەنەوە و پەرەی پێبدەن."
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەندین جارە بەبێ هۆ و بەبێ پاساو هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، "بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێ، دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات".
مەسرور بارزانی بەشداریی لە پرسەی مووسا و موژدە کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی درۆنیدا شەهید بوون. لەوێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی کرد و جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم شەڕە.
لەبارەی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، مەسرور بارزانی گوتی، پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی بێتاوانی کوردستان دووپات کردووەتەوە، "ئومێدەوارین بتوانین سنوورێک بۆ ئەو پەلاماردانانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن، بەڵام بەرپرسیارێتیی گەورە لەسەر حکومەتی عێراقە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ