رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەشەدەرمانی پاڵپشتیی سلێمانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسندکراوە و ئامادەیە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ئاگادارە و لە دوو رۆژی داهاتوودا دەتوانن دەرمانەکان وەربگرن و کێشەی دەرمان بۆ ماوەیەکی کاتی چارەسەر بکەن.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کاژێری دووەمی بەرنامەی نوورۆژ، کە بێستوون عوسمان پێشكێشی دەکات، گوتی، دوای هەوڵ و گوشارێکی زۆر، حکومەتی عێراق بەشەدەرمانی پاڵپشتی بۆ سلێمانی پەسندکرد و لە پێش جەژنەوە ئامادەیە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە سەرەتاوە کە داوای بەشەدەرمانەکەیان کردووە، ویستوویانە تەنیا "سێ جۆری دەرمان بۆ ئازارشکێن و روونکردنەوەی خوێن بنێرن، بەڵام بە گوشار لیستێکی دوور و درێژی دەرمانیان پەسندکردووە".
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و بەرپرسی کۆگەی دەرمانی سلێمانی لە لیستی دەرمانەکان ئاگادار کراونەتەوە، پەسندکراون و ئامادەن، "لە سبەی و دووسبەیدا دەتوانن بچنە بەغدا و دەرمانەکان وەربگرن".
د. بڕیار رەشید لەبارەی قەیرانی دەرمانی پارێزگای سلێمانی و چارەسەرکردنی بە بەشەدەرمانەکە گوتی، "ئەم بەشەدەرمانە کێشەکە بەتەواوی چارەسەر ناکات، ئێمە داوامان کردووە بۆ چەند مانگێک دابینی بکەن، تاوەکو وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کێشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام وەزارەتەکە جیاکاری لەنێوان پارێزگاکاندا دەکات و گرنگی بە سلێمانی نادات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ