رووداو - حاجی ئۆمەران
بارهەڵگرەکان لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ریزیان بەستووە، کاڵا و خۆراک لە ئێرانەوە دەگەیێننە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. مەیدانەکە قەرەباڵخ و پڕ جموجووڵە، بەڵام هێشتاش نەگەیشتووەتەوە ئاستی سێ ساڵ پێش ئێستا کە رۆژانە، 600 بارهەڵگر پێیدا تێدەپەڕین.
رەشید مستەفا، ئەندامی ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵێت، "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەکو پێویست نییە، بەڵام پێشبینی دەکەین لەگەڵ سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەرەوپێش بچێت."
پێش ئەوەی ساردی بکەوێتە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا گەیشتبووە چوار ملیار دۆلار، بەڵام لە 2023دا دابەزی بۆ دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار.
625 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش، نزیکیی جوگرافی و کولتووری و تێکەڵاوێتیی هاونیشتمانییانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، هەلێکی زێڕینی بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان رەخساندووە برەو بە کەرتی گەشتیارییان بدەن.
هەرێز هیوا، خاوەن کۆمپانیای گەشتیاری دەڵێت، "لەبەر ئەوەی لە ئێران چەند دوورگەیەکی گەشتیاری هەن و هاونیشتمانییانی ئێمە سەردانی دەکەن، هەروەها چوونی هاونیشتمانییان بۆ بابەتی چارەسەر وەرگرتن لە ئێران وای کردووە بە شێوەیەکی گشتی گەشتی هاونیشتمانییان بۆ ئێران بەرزبووەتەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، بە دڵنیاییەوە بەرزبوونەوەی رێژەی چوونی گەشتیاران بۆ ئێران پەیوەست بووە بەو بڕیارانەی پێشتر وڵاتی ئێران دەریکردووە، وەکو هەڵگرتنی ڤیزە، چونکە جاران ڤیزە پێویست بوو، کە کاتی زۆری لێ دەگرتیت، ئیستا هەموو ئەو شتانە هەڵگیراون."
هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2023 بایی 113 ملیار دۆلار بووە، کە 5%ی کۆی گشتیی هەناردەکە بۆ هەرێمی کوردستان بووە. ئەگەر سەقامگیری لە پەیوەندییەکاندا هەبێت، سێ دەروازەی نێودەوڵەتی و چوار دەروازەی نافەرمیی نێوانیان باشترین چانسی بۆ هەولێر و تاران رەخساندووە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بگەیێننە سەرووی شەش ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ