رووداو دیجیتاڵ
پێنج منداڵ لە گوندێکی سەر بە بەحرکەی پارێزگای هەولێر لەکاتی یاریکردندا تۆپێکیان خستووەتە سەر ئاگر، نەوتیان پێدا کردووە و بەو هۆیەوە جەستەی هەر پێنجیان سووتاوە. باوکی دوو لە منداڵەکان دەڵێت: ''دۆخی تەندروستیی دووانیان خراپە.''
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 07-05-2025، لە گوندی قەرانچۆخان لە سنووری بەحرکە روویداوە. بەگوتەی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، هەر پێنج منداڵ بۆ وەرگرتنی چارەسەر براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر.
جەعفەر جەمال، باوکی یەکێک لە منداڵەکان لەبارەی رووداوەکەوە بە رەنجە جەمالی راگەیاند: ''کاژێر 15:30 خولەک، منداڵەکان لە دەرەوە یارییان دەکرد؛ ئاگریان کردبووەوە، تۆپێکیان (تۆپی پێ) خستووەتە سەر ئاگرەکە، بەهۆی تەقینی، دوو لە کوڕەکانم و سێ برازام سووتاون.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تەمەنی ئەو منداڵانە لەنێوان پێنج بۆ هەشت ساڵە. جەعفەر جەمال گوتی، تەندروستیی سێیان جێگیرە، بەڵام دووانیان دۆخیان خراپە''.
جەعفەر جەمال گوتیشی: ''خۆم ئاگری هەر پێنجیانم کوژاندەوە، دووانیان جەستەیان زیاتر سووتاوە. پزیشکەکان پێیان راگەیاندووین تاوەکو سبەی بە تەواوی روون نابێتەوە دۆخی تەندروستییان چۆن دەبێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ