کشتوکاڵی کرماشان: زریان و تەرزە بایی 1.6 ملیۆن دۆلار زیانی بە باخ و کشتوکاڵ گەیاندووە

07-05-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، زریان و تەرزەی چەند رۆژی رابردوو، بایی زیاتر لە 135 ملیار تمەن (یەک ملیۆن و 675 هەزار دۆلار) زیانی بە باخ و کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاندووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە عەلی چالەچالە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بەهۆی تەرزە، بارانی بەخوڕ و هەڵکردنی زریانێکی بەهێز لە چەند رۆژی رابردوودا، زەوییە کشتوکاڵییەکان و باخەکانی چەندین ناوچەی سەر بە پارێزگاکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
 
چالەچالە گوتی، تیمەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ زیانەکان کردووە و بەپێی خەملاندنە سەرەتاییەکان، دوو هەزار و 112 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی  وەکو گەنم، جۆ، نۆک و کوڵزا زیانیان پێگەیشتووە و بڕی زیانەکان بە 72 ملیار و 500 ملیۆن تمەن (نزیکەی 900 هەزار دۆلار) دەخەمڵێندرێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان، تەرزە و زریان هەروەها زیانی گەیاندووەتە 550 هێکتار لە باخەکانی گوێز، بادەم، سێو، خۆخ، توو و زەیتوون؛ زیانەکانی ئەم کەرتەش بە زیاتر لە 62 ملیار و 700 ملیۆن تمەن (نزیکەی 775 هەزار دۆلار) دەخەمڵێندرێت.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان هەروەها دەڵێت، لەم ماوەیەدا دوو کێلگەی بەخێوکردنی ئاژەڵیش زیانیان بەرکەوتووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، ئەمە تەنیا خەمڵاندنی سەرەتاییە و دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردتر، ئەگەری ئەوە هەیە قەبارەی زیانەکان زیاتر بن.
 
عەلی چالەچالە ئاماژەی بەوەش دەکات، بەدواداچوونی پێویست دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لانیکەم بەشێک لە زیانەکانی جووتیاران قەرەبوو بکەنەوە.
 
لە چەند رۆژی رابڕدوودا، شەپۆلێکی باران و تەرزە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و بەهۆی درووستبوونی لافاو، بارینی تەرزە و هەڵکردنی با و زریانی بە‌‌هێز لە چەندین ناوچە زیانێکی زۆر بە باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیشت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.