یەکەم کاروانی حاجییانی کورد دەچنە مەککە؛ 'نزا بۆ کوردستان دەکەم'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
کاروانی حاجییانی کورد بۆ مەککە بەڕێکەوتن
کاروانی حاجییانی کورد بۆ مەککە بەڕێکەوتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 06:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکەڵی دەنگی "لبيك اللهم لبيك" و فرمێسکی شادیی ئەو کەسانە بوو کە ساڵانێکی زۆرە خەونی بینینی ماڵی خودا دەبینن. یەکەمین کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، بە هەڵگرتنی ناوی پیرۆزی کوردستان و ئاڵاکەی، بەرەو مەککەی پیرۆز بەڕێکەوتن.
 
لە نێو کاروانەکەدا، فەخرییە خان و فاتیحی هاوژینی، چیرۆکێکی جیاوازیان هەیە؛ ئەوان دوای 30 ساڵ چاوەڕوانی، دواجار پێکەوە ناویان دەرچووە. فەخرییە شوکر، کە خۆشییەکەی لە وشەدا جێگەی نابێتەوە، دەڵێت: "بەقەد هەموو دونیا دڵم پێی خۆشە کە دەچم بۆ ماڵی خودا؛ لەوە خۆشتر هیچ شتێک نییە."
 
فاتیح ساڵحی هاوژینیشی، کە پێشمەرگەیەکی دێرینە و تەمەنی 53 ساڵی لە رێگەی نەتەوەکەیدا بەخشیوە، دەڵێت، بەبێ هاوژینەکەی ئامادە نەبووە بچێت. ئەو گوتی: "لە ساڵی 1996 و 1997ـەوە ناو دەنووسین. نزای من لە ماڵی خودا تەنیا یەک شتە؛ ئەویش رزگاربوونی کوردستانە لە نەهامەتی و ستەمی ستەمکاران."
 
بۆ موئەیەد فەتاحی تەمەن 45 ساڵ، ئەم گەشتە تەنیا سەفەرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەدیهاتنی خەونێکی گەورەیە. ئەو بە پێکەنینەوە دەڵێت: "هیچ گەشتێکی بازرگانی یان گەشتیاری ناگاتەوە بەم گەشتە رۆحییە."
 
لە گۆشەیەکی دیکەی هۆڵی چاوەڕوانی دا، سێ خانمی دنیادیدە (هەدیە، مەریەم و مەحبووب) بە کڵاو و پۆشاکی سپی و ئامادەکارییەکی زۆرەوە دانیشتوون. مەریەم بەکر، دڵی لای "ئۆمەتی محەممەد" و ئاشتییە و دەڵێت: "نزا دەکەم ئەم شەڕ و کوشتارە تەواو بێت و چیدی موسڵمانان نەکوژرێن."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ خزمەتکردنی حاجییان کردووە. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رایگەیاند: "باشترین شوێنی حەوانەوەمان بۆ دابین کردوون کە لە حەرەمەوە زۆر نزیکە و پێویستییان بە پاس نابێت."
 
هەروەها کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، ئاماژەی بەوە کرد کە حاجییان زیاتر لە 25 رۆژ لەوێ دەمێننەوە و هەموو کارئاسانییەکیان بۆ کراوە.
 
بۆ ئەم ساڵ، پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن. لە یەکەمین کاروانیشدا 150 کەس (88 پیاو و 64 ژن) بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێکەوتن، تاوەکو دوای دەیان ساڵ چاوەڕوانی، بگەنە خاکی پیرۆز.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیان؛ شاندێکی باڵا سەردانی بەغدا دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەستپێکردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵا بۆ ئەو مەبەستە کۆببنەوە و دواتریش بچنە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی کۆببنەوە.