رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، گەڕانەوەی وەزیر و پەرلەمانتارەکانیان بۆ بەغدا دوای لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بووە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بنەمای دەستوور. سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: "یان دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەت پێکبهێنرێت، یان ناکرێت دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای ماوەیەک لە بانگکردنەوەی نوێنەرەکانی لە بەغدا بۆ راوێژکردن، بڕیاری دا بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕوپڕ بوو کە دواتر شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبوونەوە.
د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات دەڵێت، "ئێمە بەغدامان بەجێنەهێشتووە تاوەکو بگەڕێینەوە. ئێمە بەردەوام لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بووین. هەڤاڵانی ئێمە بۆ راوێژکردن بانگ کرابوونەوە بۆ هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی هێمن هەورامی، دوای سەردانی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، شاندەکەی پارتی سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبوونەتەوە. دەرەنجامی ئەم کۆبوونەوانە "لێکتێگەیشتنێکی باش" و رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی واژۆ کراوە، کە رێککەوتنەکە "پابەندبوون بە دەستوور دەکاتە بنەما."
سەبارەت بە پشکی کورد و پارتی لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا گفتوگۆکان بەتەواوی یەکلا نەبوونەتەوە، بەڵام چوار وەزارەت بۆ کورد یەکلا بوونەتەوە کە بریتین لە: وەزارەتەکانی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، داد و ژینگە.
هێمن هەورامی گوتی، "بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، پشکی پارتی زیاترە، بۆیە ئەگەری هەیە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ پارتی بێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی رەتیکردەوە سیاسەتی حیزبەکەی لە بەغدا سەرکەوتوو نەبووبێت و گوتی، "ئێمە لەسەر بنەمای پرەنسیپە دەستوورییەکان و مافەکانی خەڵکی کوردستان سیاسەت دەکەین و ناتوانین لەسەر حیسابی ئەوانە پەیوەندییەکانمان باش بکەین." هەروەها، رەتیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی هەبووبێت لە تێکدانی پەیوەندییەکانی پارتی لە بەغدا و گوتی، "پارتی لەوە گەورەترە کەس بتوانێت کاریگەریی لەسەر هەبێت."
لەکاتێکدا پرۆسەی سیاسی لە بەغدا هەنگاو دەنێت، دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، لە چەقبەستوویی ماوەتەوە. پەرلەمانی کوردستان کارا نەکراوەتەوە و کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهاتووە.
هێمن هەورامی، رایگەیاند پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە بەشداری لە حکومەتێکی بنکەفراوانی نیشتمانیدا بکەن، بەڵام هەوڵەکان لەگەڵ یەکێتی "کاتیان کوشت" و دەرکەوت کێشەکە "زیاتر لەسەر پۆستە نەک بەرنامەی حکومەت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشنیازێکی پێشووی پارتی بۆ یەکێتی ئاشکرا کرد و گوتی، "ئێمە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشنیازمان کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت، لە بەرامبەردا پشتیوانی لە بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکەین، بەڵام ئەوان نەهاتنە پێش."
بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووییە، هێمن هەورامی دوو رێگەچارە دەخاتەڕوو: "یان دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەت پێک بهێنرێت، یان ناکرێت دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت". هەورامی هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر رێککەوتن نەکرا، دەکرێت بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچین. پارتی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ