رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کراوە. بەرێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆکیش دەڵێت: ''هاتنی گەشتیار بەراورد بە جەژنی قوربانی پار زیادیکردووە.''
ئەمڕۆ شەممە 07-06-2025 خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد، لەبارەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا رایگەیاند: ''پێشتر گەشتیارێکی زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆکیان دەکرد؛ دوێنێش لە یەکەم رۆژی جەژندا ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیار هاتنە پارێزگاکە.''
خەیری عەلی گوتی، ژمارەیەک تیمی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکە بە گوڵ و شیرینییەوە لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن و رایگەیاند: ''گەشتیاران لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری دهۆک.''
لە سنووری پارێزگای دهۆک 210 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن. بەگوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، بەراورد بە پار ژمارەی ئەو گەشتیارانە زیادیکردووە کە لە یەکەم رۆژی جەژندا سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆکیان کردووە.
بەشێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک نزیکن لە سنوور و پێشتر بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) مەترسیان لەسەر بوو و هەربۆیە گەشتیاران کەمتر سەردانیان دەکردن. خەیری عەلی دەڵێت: ''ئێستا هیچ کێشەیەکی ئەمنی لە ناوچەکە نابینرێت.''
هاوکات هەورامان جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کراوە و لیژنەکانمان لەنێو سەرجەم بنکەکانی گەشتیاری چاودێریی نرخ، پاکوخاوێنی، کواڵیتیی خواردن و جێبەجێکردنی رێنماییەکان دەکەن.''
لە هەڵەبجە کەرتی گەشتیاری بەرەو پێشەوە چووە و ژمارەی شوێنەکانی مانەوە زیاتر کراون. هەورامان جەلال لەبارەی نرخی مانەوەی گەشتیاران لە شوێنە گەشتیارییەکان دەڵێت: ''پێویستە سەرجەم شوێنەکان لە رێگەی تابلۆوە نرخەکان هەڵبواسن. کەس ناتوانێت لەم نرخانە زیاتر لە گەشتیاران وەربگرێت.''
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی، نرخی شوێنە گەشتیارییەکان بۆ مانەوە زۆر گونجاوە. ''بۆنموونە، نرخی مانەوە لە کەپرێکی 12 مەتریی گەشتیاری، لە 20 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 25 هەزار دینار. ئەگەر بۆ شەویش بمێننەوە 10 هەزار دیناری دیکە دەخرێتە سەر نرخەکە.''
هەورامان جەلال داوا لە گەشتیاران دەکات لە ئەگەری سەرپێچیکردنی شوێنە گەشتیارییەکان لە رووی نرخەوە ''لە رێگەی ئەو ژمارە مۆبایلانە (کۆڕەک: 07508597747 . ئاسیا: 07700307747) پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەن یان چاودێر و لیژنەکان ئاگادار بکەنەوە و ئێمە راستەوخۆ رێکاریان بەرامبەر دەگرینەبەر.''
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت بۆ پشووەکانی جەژنی قوربان زیاتر لە 200 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ