لە دوو رۆژی جەژن 35 هەزار گەشتیار سەردانی سۆرانیان کردووە

07-06-2025
ئەندام جەبار
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژانی جەژندا گەشتیاریکی زۆر روویان لە سۆران کردووە و هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران جمەیان دێت لە گەشتیار.  
 
مەیسەم محەمەدی، گەشتیارە و باس لەوە دەکات، "سرووشتی ئێرە جوانە و کەشێکی فێنک و خۆشە، خەڵکەکەی باشن و فەرهەنگێکی بەرزیان لە میوانداری کردن هەیە. یەکەم جارە دێینە ئێرە، بەڵام دڵنیام دووبارە و سێ بارەی دەکەمەوە."
 
فریشتە حەیدەری، گەشتیارێکی دیکەیە لەبارەی سۆرانەوە دەڵێت، "ئێرە هاوشێوەی کرماشانە لە کوردستانی ئێران، هەر کە گەیشتین جوانی و رەنگی ئەو دەسماڵانە سەرنجیان راکێشام و کڕیم. زۆر جوان بوو."
 
گەشتیاران لە نێو ئاو دا سەما دەکەن و خۆیان فێنک دەکەنەوە. گەرمای تاقەت پروکێنی ناوچەکانیان لەبیری خۆیان دەبەنەوە.
 
گەشتیاری عەرەبی شارەکانی خوارو و نێوەڕاستی عێراق پشکی شێری ئەو گەشتیارانەیان بەرکەوتووە کە هاتوونەتە ناوچەکە.
 
شەهد تاهر، یەکێکە لە گەشتیارە عەرەبەکان و دەڵێت، "دوو سێ رۆژە لە سوێد گەڕاوینەتەوە، گوتمان لەم رۆژە خۆشانە با بچینە شوێنە گەشتیارییە خۆش و جوانەکانی هەولێر، خەڵکی باشن و شوێنەکانش جوانن، قەت لێی بیزار نابین، هەموو هاوینێک دێینەوە."
 
لەیس باسم، گەشتیارێکی دیکە و لە وەسفی ناوچەکە دەڵێت، "وای دەبینم بەهەشتە، شتێکی جوانە، ئەو شاخە دەبینی هەست بە بوونی خودا دەکەی کە چی دروست کردووە، ئاوی سارد و سازگارە، بەداخەوە لە بەغدا ئەوەمان نیە، بەو هیوایەین بگوازرێینەوە کوردستان."
 
ئەم ساڵ ئامادەکارییەکانی گەشتوگوزاری سنوورەکە، جیاوازترن لە پار، لە پاڵ چاودێریکردنی شوێنەکان بۆ باشترین پێشوازی لە گەشتیاران، سەرنجیان لەسەر ئاستی ئاوی شوێنە گەشتیارییەکانە و دەیانەوێت پێش لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمئاوی بگرن و پێشەنگ بن لە زۆرترین گەشتیار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. 
 
فەیسەل سادق، بەرێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران لەبارەی ژمارەی گەشتیارانەوە دەڵێت، "بە هەماهەنگی و تێکبەستنەوەی ئەو ژمارە گەشتیارەی دێتە هەولێر کە سەرووی 100 هەزار گەشتیارە، پێشبینی دەکەین بەو رێژەیەش گەشتیار بێنە سنووری سۆران لەم چەند رۆژەی پشووی جەژن ."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی گەشتوگوزاری سۆران، لە ماوەی دوو رۆژی جەژنی قوربان، زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کردووە.  پێشبینیش دەکرێت لە سێیەم و چوارەم رۆژی جەژن ژمارەکە بۆ دوو هێندە بەرز ببێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.