ئەم رۆژانە گەرمترینی مێژوون؛ چۆن خۆمان بپارێزین؟

07-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
خەڵک لە تێکساس بۆ خۆ فێننکردنەوە دەچنە پارکەکان و ئەو شوێنانەی گۆمیان تێدایە. وێنە: SUZANNE CORDEIRO / AFP
خەڵک لە تێکساس بۆ خۆ فێننکردنەوە دەچنە پارکەکان و ئەو شوێنانەی گۆمیان تێدایە. وێنە: SUZANNE CORDEIRO / AFP
A+ A-
بژار زوبێر و تاڵب حیشمەت
رووداو دیجیتاڵ 

زانایان دەڵێن، سێ رۆژی رابردوو گەرمترین بوون لە مێژووی نوێی زەویدا؛ مانگی حوزەیرانیش گەرمترین مانگ بووە لە سەرانسەری جیهان. لە هەرێمی کوردستانیش پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە و لە گەرمیان ئەمڕۆ هەینی دەگاتە سەرووی 51 پلەی سیلیزی. بۆ خۆپاراستنیش پزیشکان رێنوێنییان هەیە.
 
گەرماکە لە باکوور بۆ باشووری جیهانی گرتووەتەوە؛ پلەی گەرما لە شاری تایپی تایوان گەیشتووەتە 37 پلەی سیلیزی؛ خەڵکی چاویلکە و کڵاو و بەشێکیشیان چەتر بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرماکە لەسەریان و رێگەگرتن لە گەرمابردنیان. 
 
چین چاو تسونگ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تایپی دەڵێت، "دەتوانی ساردەمەنی جۆراوجۆر بخۆیت و بخۆیتەوە، بۆ نموونە ئاو کە گێلاس، نەعنا و رەیحانەی تێبکەیت. ئەمانە فێنکت دەکەنەوە."
 
گەرمابردن یەکێکە لەو کێشە تەندروستییانەی رووبەڕووی خەڵک دەبێتەوە؛ ئەوە کاتێک روودەدات کە لەش چی دیکە نەتوانێت پلەی گەرمای کۆنترۆڵ بکات؛ ئەو کاتە پلەی گەرما خێرا بەرز دەبێتەوە؛ میکانیزمی ئارەقکردنەوە شکست دەهێنێت؛ لەش فێنک نابێتەوە. کاتێک گەرمابردن روودەدات، دەکرێت پلەی گەرما لەماوەی 10 بۆ 15 خولەکدا بگاتە 41 پلەی سیلیزی.  
 
دیارترین نیشانەکانی گەرمابردن بریتین لە شڵەژان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، وشکبوونەوەی پێست.
 
بەکارهێنانی ئاوی سارد لە باشترین رێگەکانی چارەسەرکردنی گەرمابردنن، بەتایبەتی بۆ خۆشۆردن.
 
لە هەندێک شوێنیش هێشتا بایەخ بە چارەسەرە نەریتییەکان دەدرێت. 
 
سەرۆکی نەخۆشخانەی تایپی دەڵێت، "پزیشکانی تەندروستیی نەریتی چینی بۆچوونی تایبەتییان لەبارەی گەرمابردنەوە هەیە. یەکەم بۆچوون بریتییە لە فێنککردنەوە، ئەوەش بە رێگەی تایبەتی خۆی. دووەمیش بریتییە لە بەکارهێنانی گەرمایەکی زۆر کە ئەویش کاریگەرییەکەی زوو دەردەکەوێت."
 
ئەمساڵ دەیان کەس لە جیهاندا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە؛ زۆرترین لە ئەمریکای باکوور و هیندستان بوون کە لە یەکەمیان 126 کەس و لە هیندستانیش 96 کەس بەو هۆیەوە مردوون.
 
چۆن ماڵەکەت بێ فێنککەرەوە فێنک دەکەیتەوە؟
 
- لەگەڵ خۆرهەڵاتن، پێویستە هەموو دەرگە و پەنجەرەکان دابخرێن.
- رەنگی کراوە بۆ پەردە و رووکاری دەرەوەی ماڵەکەت هەڵبژێرە بۆ ئەوەی رووناکی و گەرمی بۆ دەرەوە پێچەوانە بکەنەوە. 
- لە شەودا پەنجەرەکان بکەرەوە بۆ ئەوەی هەوا بگۆڕدرێت و ئەو گەرمایەی کە بە رۆژ کۆبووەتەوە بڕواتە دەرەوە. 
- ئەگەر ماڵەکەت چەند نهۆمێکە، پەنجەرەکانی سەرەوە بکەرەوە بۆ ئەوەی هەوای گەرم بڕواتە دەرەوە. 
- پەنجەرەیەک بە نیوە کراوەیی بهێڵەرەوە و چەرچەفێکی تەڕ لە بەردەمی دابنێ بۆ ئەوەی هەوای پەنجەرەکە سارد بکاتەوە، چونکە کە ئاو دەبێتە هەڵم، پلەی گەرما دادەبەزێنێت. 
- تەڕکردنی دەوروبەر یان نێو ماڵەکەت لە دوای خۆرئاوابوون، هەمان کاریگەری دەبێت. 
- هەوای پانکە ساردتر دەبێت ئەگەر بوتڵێکی سەهۆڵ لەبەردەمی دابنێیت. بەڵام ئەگەر کەس لە ژوورەوە نەبوو، هیچ سوودێک لە کارکردنی پانکەکەدا نییە، چونکە پانکە هەوا سارد ناکاتەوە، بەڵکو تەنیا دەیگۆڕێت.  
- نەمامەکانی نێوماڵیش لە رێگەی بەهەڵمبوونی ئاوی ژێرەوەیان، دەتوانن پلەی گەرمی دابەزێنن. 
- هەروەها کەمکردنەوەی بەکارهێنانی فڕن و ئاگردان و کوژاندنەوەی ئامێرە کارەباییە ناپێویستەکانیش لە کاتی هەبوونی گەرمای لەڕادەبەر دەتوانێت پلەی گەرمی نزمبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.