رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ کارمەندێکی ئاسایش لەلایەن خزمێکییەوە لەنێو بازاڕی قەزای خەبات تەقەی لێکرا و بریندارکرا، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
رۆژی هەینی 7ـی تەمموزی 2023، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو کارمەندەی دوێنێ لەلایەن یەکێک لە کەسوکاری خۆیەوە بریندارکرا، ئەمڕۆ کاژێر 06:00ـی بەیانی بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە قەزای خەبات بەهۆی شەڕی نێوان دوو ئامۆزاوە کە هەردووکیان کارمەندی ئاسایشن، یەکێکیان بە چەک تەقەی لەوی دیکە کرد و بە سەختی برینداری کرد.
ئاسایشی هەولێر لەبارەی شەڕەکەوە رایگەیاندبوو، لەسەر زەویوزار کێشە لەنێوان ئەندامی بنەماڵەیەکدا دروستبووە، کە خاڵۆزا و پوورزای یەکدین بە ناوەکانی بۆتان ئەحمەد و (ج ، ن ، م ) و چەک لەنێوانیاندا بەکارهاتووە، بەهۆیەوە بۆتان ئەحمەد بە سەختی بریندار بووە.
تۆمەتباری رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ