خوێندنی باڵا: 15ـی ئەم مانگە گواستنەوە و دابەزاندنی خوێندکاران لەنێوان زانکۆکان دەستپێدەکات

07-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ، 15ـی ئەم مانگە گواستنەوە و دابەزاندنی خوێندکاران لە نێوان زانکۆکان بە ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "لە هەموو حاڵەتێک گواستنەوە و دابەزاندن ناکرێت و کۆمەڵێک مەرجی هەیە".
 
رۆژی دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 15ـی تەممووزەوە، پرۆسەی گواستنەوە و دابەزاندنی خوێندکاران لە نێوان زانکۆکان بە ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات و لە چەند رۆژی داهاتوو مەرج و پێوەرەکانی گواستنەوە و دابەزین بۆ قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2025-2026) بە شێوەی ئەلیکترۆنی بڵاودەکرێتەوە."
 
هاوکات، کارزان کازم، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەریەکە لە گواستنەوە و دابەزاندن رێکاری جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەیە و بە کۆمەڵێک مەرج دەکرێن".
 
لەبارەی گواستنەوە، کارزان کازم دەڵێت، مەرجەکانی زۆرن، بەڵام هەندێکیان زۆر داواکارییان لەسەرە، وەک؛ گواستنەوە لە رێگەی کۆنمرەی ساڵانە. ئەگەر قوتابییەک کۆنمرەی ئەو ساڵەی خوێندنی لە زانکۆ کە 70 کەمتر نەبێت، یان ئەوانەی لەو ساڵەی خوێندن پرۆسەی هاوژینی پێکدەهێنن دەتوانن داوای گواستنەوە بکەن. "ئەگەر ساڵی پێش وەرگیران هاوسەرگیری کردبوو دەتوانێت دوای گواستنەوە بکات، بەڵام بە کرێی 50٪ـی پارالێڵ".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین، ئەوانەی بە راپۆرتی تەندروستی دەیسەلمێنن کە نەخۆشییەکی درێژخایەن یان مەترسیداریان هەیە، دەتوانن داوای گواستنەوە بکەن، بەڵام نەخۆشییە دەروونییەکان ناگرێتەوە. گوتیشی: "کەسوکاری شەهیدانی پلە یەک و منداڵی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆش مافی گواستنەوەیان هەیە".
 
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشێکی زۆری قوتابییان لە کاتی داواکاری گواستنەوە بۆ زانکۆیەکی قۆناخێک دەگەڕێنەوە دواوە. لەوبارەیەوە کارزان کازم دەڵێت: "تەنیا لە سیستەمی ساڵانە و وەرزیدا هەیە، بەڵام لێک جیاوازن لە سیستەمی ساڵانەدا ئەگەر قوتابییەک داوای گواستنەوەی کرد، لیژنەی زانستی بەشەکان بەراوردی وانەکانی نێوان ئەو دوو زانکۆیە دەکەن، دەرکەوت دوو وانە زیاتر جیاوازن ئەوە لە کاتی گواستنەوە بۆ زانکۆی داواکراو قۆناخێک دەچێتە دواوە، لە سیستەمی وەرزی چوار وانە جیاوازبێت قۆناخێک دەگەڕێتەوە دواوە، بەڵام ئەم بابەتە سیستەمی بۆڵۆنیا ناگرێتەوە".
 
بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین باسی لە مەرجەکانی دابەزاندن کرد و گوتی: "هەموو کەسێک مافی دابەزاندنی هەیە، ئەگەر یەک ساڵ دوای پۆلی 12ـی ئامادەیی بێت دەتوانێت دابەزاندن بکات، بەڵام ئەگەر دوو ساڵ یان زیاتر دوای پۆلی 12 بێت تەنیا بە شێوازی پارالێڵ مافی دابەزاندنی هەیە، بەو مەرجەی وەک کۆنمرەی ئەو وەرگیرابێت لەو بەشەی داوای دەکات".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.