سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان: بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە سیاسییە

07-07-2025
پەیمان محەممەد
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە پێچەوانەی دەستوور دەزانێت
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە پێچەوانەی دەستوور دەزانێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە پێچەوانەی دەستوور دەزانێت و دەڵێت، بڕیارەکە مەبەستی سیاسی لەپشتە و پڕە لە پێشلکاریی یاسایی و ئیداری.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 07-07-2025، جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کوردی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی پلاندانی عێراق لەسەر بەقەزاکردنی قەرەتەپە رایگەیاند، ''ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستوورە و پێشێلکارییەکی روونی یاسایی و ئیدارییە.''
 
ناحیەی قەرەتەپە، ناوچەیەکی کوردستانییە و سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە کە وەزیری پلاندانانی عێراق، لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگاکە رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی داوە و بڕیارە دوو ناحیەی جەبارە و کۆکس کە لە سنووری مادەی 140ـی دەستووردان و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای کفریی گەرمیانن، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بخرێنە سەر قەزا نوێیەکە.
 
جەلال شێخ نووری جەختی لەوە کردەوە، ''لە مادەی 140ـی دەستووری عێراقیدا دیاریکراوە کە نابێت دەستکاریی دیموگرافی و ئیداریی ناوچە کێشەلەسەرەکان بکرێت، بۆیە بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە بڕیارێکی سیاسیە و مەبەستی سیاسی لەپشتە.''
 
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئیستا جێبەجێ نەکراوە. 
 
مادەکە تایبەتە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان و لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی. هەروەها بەگوێرەی مادەی 140، نابێت حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ هاوئاهەنگیی یەکدی، نابێت هیچ بڕیارێک بۆ ئەو ناوچانە بدەن.
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، ''پێویست بوو ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باس کرابووایە، چونکە بەگوێرەی یاسا نابێت بڕیاری تاکلایەنە بۆ ئەم ناوچانە بدرێت.''
 
بەگوتەی جەلال شێخ نووری رێژەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەکاتی پەسندکردنی بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە یاسایی نەبووە و ''ژمارەیان لەوە کەمتر بووە کە بتوانن بڕیارەکە پەسند بکەن، بۆیە سکاڵامان لەسەر ئەم بابەتە نایاساییەش تۆمار کردووە.''
 
 سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گوتی، ژمارەی دانیشتووانی قەرەتەپە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بکرێت بە قەزا، ''بۆیە لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەدا کە رادەستی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کراوە، داوای ئەوەیان کردووە کە بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە بکرێت، ئەمانە هەموو پێچەوانەی دەستوور و یاسان.''
 
جەلال شێخ نووری جەختی لەوە کردەوە، بەقەزاکردنی قەرەتەپە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەوە بە تەواوی رەتدەکرێتەوە و قبووڵکراو نییە، هاوکات داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات کە ''پاڵپشتیی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بکەن، چونکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە.''
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە 2ـی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، قەزا نوێیەکە و ناحیەکانی بەم شێوەیە لە سیستمی یەکە ئیدارییەکانی عێراقدا تۆمارکراون:
 
قەزای قەرەتەپە: کۆدی ئیداری (2109)
ناحیەی جەبارە: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21092)
ناحیەی کۆکس: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21093)
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان