پەرلەمانتارێکی کورد: بەقەزاکردنی قەرەتەپە رەتدەکەینەوە

07-07-2025
پەیمان محەممەد
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیاری وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بۆ بەقەزاکردنی قەرەتەپە "پێچەوانەی یاسایە". دەشڵێت: ''دڵنیاین ئەگەر بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێپەڕێت، بەڕێز سەرۆککۆمار واژۆی لەسەر ناکات.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە 07-07-2025، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی بڕیاری وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بۆ بەقەزاکردنی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە کە دەکەوێتە چوارچێوەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق رایگەیاند، ''بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و رەتی دەکەینەوە.''
 
ناحیەی قەرەتەپە، ناوچەیەکی کوردستانییە و سەر بە قەزای خانەقینە. وەزیری پلاندانانی عێراق، لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی داوە و بڕیارە دوو ناحیەی جەبارە و کۆکس کە لە سنووری مادەی 140ن و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای کفریی گەرمیانن، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بخرێنە سەر قەزا نوێیەکە.
 
خەڵکی کۆکس بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکە خێوەتی ناڕەزاییان هەڵداوە. کاروان یاروەیس گوتی: ''کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی ناحیەی کۆکس، بەرپرسانی حیزبی و حکومی و هەروەها پەرلەمانتارانی کورد لێرە کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و وەزارەتی پلاندانانی عێراق.''
 
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، دوو ناحیەی جەبارە و کۆکس کە بڕیاری خستنەسەر قەرەتەپەیان بۆ دەرکراوە، ناوچەی کوردستانین و بە هیچ شێوەیەک نابێت گۆڕانکاریی دیموگرافی و ئیدارییان تێدا بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی مادەی 140ـی دەستوور بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق 2ـی تەمموز لەوبارەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، بەقەزاکردنی قەرەتەپە "یارمەتیدەر دەبێت لە وەبەرهێنانی تواناکانی ناوچەکە، زیادکردنی داهات، رەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان'' و بڕیارەکە لەگەڵ سەرجەم پێوەرە ستانداردەکانیش یەک دەگرێتەوە. 
  
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی مادەی 140، نابێت ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سنووری ئەو مادەیە، بەهیچ شێوەیەک دەستکاریی سنووری ئیدارییان بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی کە دۆخیان بۆ پێش دەستکاریکردنیان، واتا کۆچی زۆرەملێ و بەعەرەبکردن دەگەڕێتەوە.
 
لە گردبوونەوەکەی کۆکسدا دا خەڵکی عەرەبیش دەبینرسن، کاروان یاروەیس دەڵێت، ''بێگومان ئەم ناوچانە کوردستانین، بەڵام ژمارەیەکی کەم هاووڵاتیی عەرەبیش لێرە دەژین، تێکڕای خەڵکی ئەم ناوچەیە دژی بڕیارەکەن و رەتی دەکەنەوە.''
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ''هەڵوێستی ئێمە تەنیا دژی ئەو بڕیارە نییە کە جەبارە و کۆکس بخرێنە سەر قەزا نوێیەکە، بەڵکو ئێمە دژی کۆی پڕۆسەکەین و دژی ئەوەین کە قەرەتەپەش بکرێت بە قەزا.''
 
کاروان یاروەیس لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی بەقەزاکردنی قەرەتەپە گوتی: ''ئەویش پێچەوانەی مادەی 140ـی دەستوورە و بەشێکی زۆری قەرەتەپە ناوچەی کوردستانین."
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بۆ رەتکردنەوەی بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە، هەوڵی پێکهێنانی هەڵوێستێکی هاوبەش لەنێوان پەرلەمانتارانی ناوچەکە دەدرێت، ''یاداشتێکی ناڕەزایی بۆ بەڕێز سوودانی (سەرۆکوەزیرانی عێراق) و بەڕێز سەرۆککۆمار دەنێرین''.
 
کاروان یاروەیس گوتیشی، ''دڵنیاین ئەگەر بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێپەڕێت، بەڕێز سەرۆککۆمار واژۆ لەسەر فەرمانی بەقەزاکردنی قەرەتەپە ناکات.''
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەبەری هەردوو ناحیەکانی کۆکس و جەبارەش کە سەر بە قەزای کفریی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانن، نووسراویان بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت کە تێیدا ناڕەزایی لە بڕیارەکە خراوەتەڕوو. 
 
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی بڕیارەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کاریگەر نەبوو، ''بێگومان هەوڵی سیاسیمان دەبێت و لە دادگەی فیدراڵیش سکاڵا تۆمار دەکەین. واتا بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین و مامەڵە لەگەڵ ئەو قەزایە ناکەین کە بەنیازن لە قەرەتەپە رایبگەیێنن''.
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت ئامانجی سیاسیی لە پشت بە قەزاکردنی قەرەتەپە هەیە و گوتی: "پڕۆسەی سوننەکانە و نیازێکی شۆڤێنییان هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگیی دیموگرافی لە ناوچەکە بگۆڕن. مەبەستیانە ئەم سێ ناحیەیە لە کوردستان داببڕن، تەنیا ناحیەی گوڵاڵە بهێڵنەوە کە سەر بە خانەقینە، ئەوکاتە ئەگەر راپرسی یان سەرژمێری بکرێت، بێگومان ئەوکاتە مەترسیی زۆر گەورە دروست دەبن و لەوانەیە ئەو ناوچانە لەدەستبدەین.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.