رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، دۆخی شارەکە لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا "بەهۆی سیاسیبوون و کوردبوون"ەوە نزیکەی 200 هاونیشتمانی لە زیندانەکاندان.
وێڕای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد نزیکەی 7 مانگ لەمەوبەر و گەڕانەوەی دەسەڵاتی دیمەشق بۆ عەفرین، هێشتا دۆخی هەرێمەکە بۆ کورد ئاسایی نەبووەتەوە.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی عەفرین وردە وردە بەرەو باشتربوون دەچێت، بەڵام هێشتا تەواو ئاسایی نەبووەتەوە."
بەرپرسەکەی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، "لانیکەم 200 کورد لە زیندانەکانی عەفریندان، کوردبوون سەرەکترین هۆکارە و زۆربەی پاساوەکانیشیان بۆ زیندانیکردنیان بۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دەگەڕێننەوە."
ئەو کوردانەی لە سنووری عەفرین دەستگیرکراون، لەم شارانەی ناوچەکەدا زیندانن: عەفرین، راجۆ، بلبلێ، راعی، مارای و عەزاز.
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتی یەکەم لەنێو عەفریندا ئێستا حکومەتی سووریایە. گوتیشی، "لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق، هێشتا بەشێکی گرووپە چەکدارەکان دەسەڵاتدارن و بڕیاری سەربەخۆیانە دەدەن."
سەرۆکی عەفرینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لەبارەی گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان ئاماژەی بەوە کرد، "گەڕانەوە بەردەوامە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 20%ـی عەرەبە هاوردەکان نەڕۆیشتوون."
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بە گەڕانەوەی هاونیشتمانیان بۆ عەفرین و دەوروبەری کرد و گوتی، "تاوەکو ئێستاش گەڕانەوەی کورد رۆژانە کەم کەم بەردەوامە، بڵام هێشتاش ئاستەنگییەکانی گەڕانەوە بە تەواوی لانەبراون."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە، لە ناحیەی شیا لە سنووری عەفرین، تاوەکو ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 50 خانووی هاونیشتمانیان و ئامادە نین بیاندەنەوە.
ئەحمەد حەسەن گوتی، "خانووەکان چۆڵیش کراون، بەڵام گرووپەکان نایاندەنەوە بە کورد؛ هەندێکیان داوای پارە دەکەن، بەگوێرەی خانووەکان لە هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار و زیاتریان دەوێت بۆ رادەستکردنەوەی بە خاوەنەکانیان".
عەفرین لە سەرەتای ساڵی 2018 لە لایەن تورکیا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریای نزیک لە ئەنقەرە داگیرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ