رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا گرووپێک گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا چەک دابنێن. سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت دەکرێن و شاندی دەرەوەش بەشدار دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رێوڕەسمەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەبێت، 20 بۆ 30ی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو "نیازپاکی" چەکەکانیان دادەنێن.
بەرپرسێکی ئاگادار لە رێوڕەسمەکە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە باکووری کوردستان و تورکیاوە نزیکەی 50 کەس لە لایەنی سیاسی، رۆشنبیری و کەسایەتی بانگهێشت کراون؛ هەروەها لە ئەورووپا و ئەمریکاوە زیاتر لە 30 کەس لە پەرلەمانتار، کەسانی ئەکادیمی، سیاسی بەشداری دەکەن."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو میدیا سەرەکییە جیهانییەکان بانگهێشت کراون."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو، "هەموو لایەنە سیاسییەکان و رۆژنامەڤانان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)وە بانگهێشت دەکرێن."
ئەو سەرچاوەیە خۆی بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکات، ئاگاداری ئامادەکارییەکانە و دەڵێت، "پلان دانراوە، رێوڕەسمەکە لەنێوان 9 بۆ 12ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت."
لەبارەی شوێنی رێوڕەسمەکەشەوە گوتی، "سەرەتا بڕیارێک هەبوو لەنێو سلێمانی بێت، دواتر کەجەکە شوێنەکەی گواستەوە و ئێستا لە دەرەوەی شارە، بەڵام هەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت."
پێشتر و بۆ یەکەمجار، لە 30ی حوزەیران تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد، لە نزیک 10ی تەممووزدا رێوڕەسمی چەکدانانەکە بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ لە راپۆرتێکدا رووداو ئەو هۆکارەی ئاشکرا کرد، کە وای کردووە پەکەکە بڕیار بدات لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رێوڕەسمەکە بەڕێوەببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ