لە کەرکووک 9 هەزار کەس بەپێی یاسای بودجە دادەمەزرێن

07-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ نزیکەی 9 هەزار کەس لە پارێزگای کەرکووک بەپێی دەقی مادەی 66ـی یاسای بودجەی گشتی عێراق دادەمەزرێن، جێگری پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "بۆ دامەزراندن هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکان رەچاو ناکرێت، چونکە بڕیارەکە بەوشێوەیەیە و پلە و نمرەکان رۆڵی دەبێت و بەپێی خاڵ دەبێت." پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "دەبێت هاوسەنگی هەبێت، هەرچەندە پێشکێشکردن بە ئەلیکترۆنی دەبێت." 
 
رۆژی دووشەممە، 7-8-2023 عەلی حەمادی، جێگری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دامەزراندنەکە بەپێی یاسای بودجەیە و دامەزراندن بەپێی پڕکردنەوەی فۆرمێک دەبێت، بەڵام لە پارێزگای کەرکووک هەرچەندە چەندین پێکهاتەی تێدا دەژیت، بڕیارەکە وایە کە هاوسەنگی لەنێوان رۆڵەکانی شارەکە و دابەشکردنی دامەزراوان بەپێی رێژە نەبێت، بەڵکو بەپێی خاڵ و بڕوانامە و لەپێشترێتییەکان بێت، بۆیە هیچ رێژەیەک بۆ هیچ پێکهاتەیەک دیاری نەکراوە."
 
بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی 66ـی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023، ئەمساڵ 150 هەزار کەس بۆ 15 پارێزگاکەی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێن، دامەزراندنەکەش لە هەر پارێزگایەک بەپێی رێژەی دانیشتووان دەبێت.
 
نەجوا کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی کەرکووک  رۆژی دووشەممە، 7-8-2023 بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 9 هەزار کەس لە کەرکووک دادەمەزرێندرێن.
 
کاکەیی گوتی: "گرنگە هاوسەنگی لە دامەزراندن لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە و پارێزگاکە بکرێت، بەتایبەت پێشتر لە دامەزراندنی دەرچووان بۆ وەزارەتی پەروەردە لەکۆی 17 هەزار کەس کە بەشی کەرکووک بوو 12هەزاریان لە پێکهاتەی عەرەب و تەنیا 5 هەزاریان لە پێکهاتەکانی کورد و تورکمان بوون، بۆیە نامانەوێت ئەوە دووبارە بکرێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 7-8-2023، ژمارە 4731ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە وەزارەتی داد دەریدەکات بڵاوکرایەوە، لەو ژمارەیەدا رێنماییەکانی ژمارە 2ـی ساڵی 2023ـی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی دوومی مادەی 66ـی یاسای بودجەی تێدابوو.
 
بەپێی رێنماییەکان ئەو کەسانەی دادەمەزرێن بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی گرێبەست دەبێت و پارێزگارەکان گرێبەستکردن و دابەشکردنی دامەزراوان بەپێی کەرتەکان و پێویستییەکان دەگرنە ئەستۆ، دەبێت لانیکەم رێژەی 75٪یان لە هەڵگرانی بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس و دبلۆم بن، دامەزراندن بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار دەبێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.