رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی شاندی هاوبەشی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەریان ئاگادارکردووەتەوە، کە لەسەر پرسی کورد و بەڕێوەبەریی وڵاتەکە ئامادەی دانوستاتدن. دەشڵێت: ''تاوەکو ئێستا دیمەشق هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نەبووە.''
رۆژی چوارشەممە، 06-08-2025، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دلبخوین دارا پێشکێشیکرد، لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێی شاندی هاوبەشی کوردی رایگەیاند، ''پەیوەندییەکانمان زۆر ئەرێنین، کۆبوونەوەکە بۆ بابەتی رێکخستن بوو، میکانیزمی کاری نێوخۆیی و ئەوەی کە لە قۆناخی داهاتوودا دەبێ چی بکەین.''
26ـی نیسانی ئەم ساڵ، لە قامشلۆ کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی بەسترا و لەو کۆنفرانسەدا شاندێک پێکهێنرا، بۆ ئەوەی بچێتە دیمەشق و داوای چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد بکات.
فەیسەڵ یوسف کە هاوکات ئەندامی شاندی هاوبەشی کوردییە گوتی: ''ئەم شاندە یەکەم دەستکەوتی کۆنفرانسی یەکڕیزییە، دەبێ بزانین چۆن دەتوانین بەهێزتری بکەین. چۆن بۆچوونەکانمان لە یەکدی نزیک بکەینەوە و بتوانین کار لەسەر ئەو بڕیارە بکەین کە کۆنفرانس لەسەر ناسنامەی سووریا و داواکاریی گەلەکەمان داویەتی.''
گوتەبێژی ئەنەکەسە ئاماژەی بە ''ئامادەیی'' شاندی هاوبەشی کوردی کرد بۆ دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق و رایگەیاند: ''ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوان (حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر) هیچ وەڵامێکیان نەبووە، دەبێت ئەوانیش دەستیان بۆ دانوستاندن و دیالۆگ درێژ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە یەکڕیزی لە سووریادا بنیات بنێین.''
شاندەکە لە 9 ئەندام پێکهاتوون. بەگوتەی فەیسەڵ یوسف، 10ـی ئادار لە کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، پرسیار لە هەبوونی شاندی کوردی کراوە ''بەڕێز مەزڵووم عەبدی گوتوویەتی، بەڵێ هەیە. دوای پێکهێنانی شاندەکەش چەندین جار ئاگادارمان کردوونەتەوە کە شاندمان هەیە و ئامادەین بۆ دانوستاندن.''
چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا مەزڵووم عەبدی لە پاریس، بە ئامادەبوونی فەرەنسییەکان، ئەمریکییەکان و نوێنەری هەندێک لە وڵاتانی دیکە، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کۆببێتەوە. فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کرد، ''تاوەکو ئێستا باس لەوە نەکراوە کە هیچ ئەندامێکی ئەنجوومەن یان شاندی کوردی لە کۆبوونەوەکەی پاریسدا بەشدار دەبن یان نا.''
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا کە لایەنێکی سەرەکییە لە شاندی هاوبەشی کوردیدا، نووسینگە و نوێنەرایەتی لە دیمەشق هەیە. گوتەبێژی ئەنەکەسە دەڵێت، ''لە ئادارەوە، وەک رێزێک لە پرسی کورد و شاندی هاوبەش، هیچ شاندێکی خۆمان کە تەنیا بە ناوی ئەنجوومەنەوە کاری کردبێت، نەچووەتە دیمەشق.''
فەیسەڵ یوسف باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی سووریاوە، لە هیچ ناوچەیەک کە ئەنەکەسە نوێنەرایەتی و نووسینگەی هەیە، گرفتیان بۆ دروست نەکراوە.
گوتەبێژی ئەنەکەسە جەختیشی لەوە کردەوە، ''بەبێ گەلی کورد، دەوڵەتێکی نوێ لە سووریا دروست نابێت. بەرێز ئەحمەد شەرع و وەزیرەکانیشی ئەوە دەزانن کە ئێمەش خاوەنی سووریاین و لەگەڵ دابەشکردنی نین، بەڵکو لەگەڵ سووریایەکداین کە نا ناوەندی بێت، واتا وڵاتێک کە هەموو پێکهاتەکان بەتایبەتی کورد تێیدا مافیان پارێزراو بێت.''
8ـی کانوونی یەکەمی پار، کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا هێنرا، دواتر ئەحمەد شەرع بووە سەرۆککۆماری وڵاتەکە بۆ قۆناخی راگوزەر، بەڵام تاوەکو ئێستا، جیا لە واژۆکردنی رێککەوتنە 8 خاڵییەکەی 10ێ ئادار لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ