رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ژنێکی بە تەمەن لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر دۆزرایەوە، کە مامۆستای خانەنشینی زانکۆ بووە.
تەرمەکە ئەمڕۆ 07ـی تەممووز لە گەڕەکی 99ـی زانکۆ نزیک مزگەوتی عەبدولکەریمی مودەڕیس دۆزراوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژنەکە بە تەمەن بوو و لە ماڵیشەوە بە تەنیا دەژیا، بۆیە پێدەچێت چەند رۆژێک بێت گیانی لەدەستدابێت و پێی نەزاندرابێت".
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هاونیشتمانییە ناوی مامۆستا گەزەنگە، مامۆستای خانەنشینی کۆلێژی زانست، بەشی کیمیا بوو".
بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، ئەو مامۆستایە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بووە لە بواری کیمیا، "پێشووتر هاوژینەکەی گیانی لەدەستداوە و منداڵی نەبووە، بە تەنیا ژیاوە."
تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن پۆلیسی بەڵگە و تاوانەوە هەڵگیراوەتەوە و رەوانەی دادپزیشکی کراوە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە روون نییە، کە بە نەخۆشی گیانی لەدەستداوە یان هۆکاری دیکە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ