برای یەکێک لە کوژراوانی نێو بەنزینخانەکەی هەولێر: سوڵحی عەشایەری ناکەین

07-08-2025
پەیمان محەممەد
برای سەعد ئیسماعیل، کوژراوی رووداوی بەنزینخانەکەی هەولێر.
برای سەعد ئیسماعیل، کوژراوی رووداوی بەنزینخانەکەی هەولێر.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو لە برایانی ئەو هاونیشتمانییەی بە تەقەی کارمەندی بەنزینخانەکەی هەولێر کوژرا دەڵێن، جیا لە تەقەکەر، خاوەنی بەنزینخانەکەیش لە رووداوەکە بەرپرسیارە. ئاماژە بەوەش دەکەن، ''بە هیچ شێوەیەک سوڵحی عەشایەری ناکەین و دەبێ یاسا سەروەر بێت.''
 
شەوی چوارشەممە 06-08-2025، بەهۆی دەمەقاڵێ لەنێوان کارمەندی بەنزینخانەیەک، شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک لە هەولێر، سێ کەس کوژران. یەکێک لە قوربانییەکان بە ناوی سەعد ئیسماعیل هاونیشتمانییەکی کوردە و هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکەوە نەبووە.
 
رەعد ئیسماعیل، برای سەعد لە پرسەی براکەیدا قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و لەبارەی چۆنێتیی رووداوەکەوە رایگەیاند، ''برا گەورەکەم لە کار دەهاتەوە، وەستای بۆیاخی خانووە. لای بەنزینخانەکە ماتۆڕسکیلەکەی داوە بە کرێکارەکانی خۆی و گوتوویەتی ئێوە بڕۆنەوە و منیش بە تاکسی دەچمەوە، کاتێک ئەو شەڕە روویداوە، بکوژ هەڕەمەکی تەقەی کردووە و گولـلەی بەرکەوتووە.''
 
رەعد ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، ''براکەم هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕەکەوە نەبووە و بە هیچ شێوەیەک سوڵحی عەشایەری ناکەین. لەسەر بڕە بەنزینێک چۆن دەبێ سێ پیاو بکوژرێن.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە لەسەر بڕی 52 هەزار دینار پارەی بەنزین بووە و جیا لەو هاونیشتمانییە، دوو گەنجی عەرەبیش کوژراون. ئەو برایەی سەعد دەڵێت، ''خاوەنی بەنزینخانەکەش بەرپرسیارە لە رووداوەکە، بۆچی کاژێر 20:00ـی شەو چەک لەنێو بەنزینخانەدا بووە.''
 
رەعد ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە، ''پێویستە یاسا سەروەر بێت، براکەم کوڕە شەهیدە و باوکی دوو منداڵی تەمەن 15 ساڵ و 17 ساڵە.'' 
 
رەعد ئەوەشی خستەڕوو، کەسوکاری بکوژ پەیوەندییان پێوە کردوون کە بەشداری پرسەی براکەیان بکەن، بەڵام ئەوان رەزامەندییان دەرنەبڕیوە و رەتیان کردووەتەوە.
 
هاوکات برایەکی دیکەی سەعد ئیسماعیل قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''قسەی کۆتاییمان ئەوەیە کە یاسا سەروەر بێت، بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموون بۆ کەسانی دیکە. ئێمە تەنیا ئەو داوایەمان لە حکومەت هەیە.''
 
 
رووداوەکە بەوشێوەیە بووە کە دوو کەس دەچنە بەنزینخانەیەک لەسەر رێگەی هەولێر - کەسنەزان، لە کاتی پڕکردنەوەی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکە کەمێکی لێ دەڕژێت، کارمەندی بەنزینخانەکە داوای پارەی بەنزینە رژاوەکەی کردووە لەگەڵ ئەوەی کە کراوەتە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە کە بڕی هەمووی 52 هەزار دینار بووە.
 
بەو هۆکارە دەمەقاڵێ لەنێوانیان دروست دەبێت و شایەتحاڵان دەڵێن، تەنیا هەندێک پاڵپاڵێن روویداوە، بەڵام دواتر کارمەندی بەنزینخانەکە دەچێت، چەکێکی کڵاشینکۆف دەهێنێت و دەستڕێژی گوللـەیان لێدەکات.
 
لە رووداوەکەدا دوو کەسەکە دەکوژرێن و لە دەرەوەی بەنزینخانەکەش گوللـەیەک بەر سەعد ئیسماعیل دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات.
 
هەر لە دوای رووداوەکە، پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکییان دەستگیرکردووە و وێنەکەشی بڵاوکرایەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.