رووداو دیجیتاڵ
دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێی ناوەتە قۆناخی کۆتایی و بڕیارە تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە، راپۆرتی لیژنە هاوبەشەکان رادەستی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، دوو هۆکار بوونەتە مایەی دواکەوتنی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی، یەکەمیان پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە، دووەمیشیان پێشنیازێکی نوێی وەزارەتی دارایی عێراقە سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکی رافیدەین لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوولا لەسەر دۆسیەی نەوت گەیشتوونەتە رێککەوتن و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندیی نیشانداوە بۆ دەستبەکاربوونی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی، کە ئەرکی هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.
لەمبارەیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا نەوت رادەستی سۆمۆ نەکراوە و داهات تەنیا بۆ یەک مانگ رادەست کراوە، پێویستە راپۆرتی نوێ ئامادە بکرێت، هەروەها ئەو بڕەی لە داهاتی نانەوتی دەگەڕێندرێتەوە و مەرجە عێراق پێی رازی بێت، هەموو ئەمانە جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە نێو گفتوگۆکان."
ناوبراو هەروەها گوتی: "پێم وایە هەرێم دەیەوێت مووچەی مانگی شەشیش وەربگرێت، بەڵام کێشە هەڵپەسێردراوەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. رەنگە پرسی 'تەوتین'ـیش یەکێکی دیکە بێت لە کێشەکان و پێشنیازی نوێی عێراق لەسەر ئەم پرسە هاتبێتە پێشەوە کە جیاواز بێت لەوانەی رابردوو."
بەپێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، لە قۆناخی ئێستادا بڕی بەرهەمهێنراوی نەوتی کوردستان رادەستی بەغدا دەکرێت بۆ ئەوەی لە ناوخۆی عێراقدا بەکاربهێندرێت، نەک بۆ هەناردەکردن لە رێگەی تورکیاوە. بڕیارە ئەم هەنگاوە لە هەفتەی داهاتووەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات، بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق روونی کردەوە: "ئەو 80 هەزار بەرمیل نەوتەی کە ئێستا باسی لێوە دەکرێت، بۆ هەناردەکردن نییە، بەڵکو بۆ رادەستکردنە بە عێراق تاوەکو بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاری بهێنێت. ئەمە جیاوازە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە."
بڕیار رەشید ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکۆکی لەسەر داهاتی نانەوتی هەیە و گوتی: "بەغدا داوای 50٪ـی داهاتە گشتییە نانەوتییەکان دەکات، لە کاتێکدا هەرێم ئامادەیە لەسەدا پەنجای داهاتە فیدراڵییەکان رادەست بکات."
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاندووە کە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی شەش و تەواوی بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت ئامادەن بۆ رادەستکردن، بەڵام چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری خەرجکردنی مووچەن لە بەغداوە تاوەکو هەنگاوی کرداری بنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ