رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی دوێنێ بۆریی ئاوی پڕۆژەی ئیفراز سێ لە هەولێر، لە نزیک پڕۆژەکە شکا و بەهۆیەوە دابەشكردنی ئاو راگیرا. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، بۆرییەکە چاککراوەتەوە و ئاو دەگاتەوە ماڵان.
ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 04:00ـی بەیانی ئەمڕۆ بۆرییەکە چاککرایەوە و رێکارەکانی کارکردن دەستیان پێکردووەتەوە".
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
لەبارەی کاتی گەڕانەوەی ئاو بۆ ماڵان، بەڕێوەبەری ئیفراز سێ گوتی: "دوو پەمپ خراونەتەوە کار، بەڵام بۆرییەکان بەتاڵن و بۆ گەیشتنەوەی ئاو بە زۆرینەی گەڕەکەکان نزیکەی 24 کاژێر کات پێویستە".
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر دەبەستێت، کە مانگی رابردوو کرایەوە.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ