رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە جێگیربوونی نرخی بەنزین، لە شاری هەولێر نرخی بەنزینی نۆرماڵ بەرز بووەوە و لە سلێمانی جێگیرە. بازرگانێکی سووتەمەنی دەڵێت، یەکشەممە لە هەولێریش نرخ ئاسایی دەبێتەوە.
جەنگی مەجید، خاوەنی بەنزینخانە و بازرگانیی سووتەمەنی لە شاری هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی کوالێتیی بەرزی نۆرماڵ 925 دینارە، لەکاتێکدا پێشتر 890 دینار بوو".
لە شاری هەولێر جگە لە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، بەنزینی نۆرماڵی حکومی هەیە و نرخی یەک لیتر بە 750 دینارە، بەڵام بۆ وەرگرتنی نۆرەگرتن پێویستە و دوای بەرزبوونەوەی نرخ، ئێستا نۆرەگرتن بۆ بەنزینی حکومی قەرەباڵختر بووە.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە، جەنگی مەجید گوتی: "پێشتر رۆژانە 27 تانکەر بەنزینی حکومی دابەش دەکرا، ئێستا بووە بە نزیکەی 17 تەنکەر، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە".
بە گوتەی جەنگی مەجید، یەکشەممەی داهاتوو بەنزینی حکومی زیاتر دەکرێت بۆ دۆخی پێشتر و نرخی بەنزینی نۆرماڵیش ئاسایی دەبێتەوە.
لە سلێمانی چەند مانگێکە نرخی بەنزینی نۆرماڵ جێگیرە. بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی شارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ گۆڕانێک لە نرخی بەنزین رووینەداوە و چەند مانگێکە جێگیرە، بەنزینی حکومی لیتری 750 دینارە و و بازرگانیش 900 دینار".
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەن و لیتریان لەنێوان هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 400 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ