لە تەقتەق فێستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەدەچێت و نەوتی شیواشۆکی تێدا نمایش دەکرێت

07-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای تەقتەق رایگەیاند، 15ی ئاب چوارەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ دەخایێنێت، گوتیشی، "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ بەرهەمی هەنجیر بگاتە هەزار تۆن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 07ـی ئابی 2025، ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمی هەنجیر ئەم ساڵ لە ناحیەکەمان زیادی کردووە، راستە بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەمیان کردووە، بەڵام بۆ ئاودانی هەنجیر پشت بە ئاوی زێی بچووک دەبەستین، بۆیە کاریگەریی لەسەر نەکردووە."
 
ساڵی رابردوو لە تەقتەق نزیکەی 900 تۆن هەنجیر بەرهەم هاتبوو. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین بەرهەمی هەنجیر بگاتە هەزار تۆن."
 
بە گوتەی ئاسۆ مستەفا، فێستیڤاڵەکە 15ی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوەدەچێت، رۆژی یەکەم لە کاژێر 05:00ی ئێوارەوە تاوەکو نزیک کاژێر 01:00ی شەو دەخایێنێت و رۆژی دووەم بەشداریکردن تێیدا ئارەزوومەندانەیە.
 
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیی دەستەی گەشتوگوزار بەڕێوەدەچێت. قایمقامی قەزاکە گوتی: "زیاتر لە 50 جووتیار و 50 خانمی دەستڕەنگین ئامادە دەبن."
 
لە ناوچەی تەقتەق کێڵگەی نەوتیی شیواشۆک هەیە و لە ساڵی 2016ـەوە بەرهەمهێنان تێیدا وەستاوە. ئاسۆ مستەفا دەڵێت: "ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار، نموونەیەک لەو نەوتە لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت."
 
پار لە ماوەی دوو رۆژدا، نزیکەی 10 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە