رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی دوو رۆژ لەمەوبەر دوو کەسی کوشت، ئەمڕۆ خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
رۆژی 05-08-2025، گەنجێک لە هەڵەبجە تەقەی لە سێ گەنجی دیکە کرد، دووانیان گیانیان لەدەستدا و یەکێکیشیان بریندار بوو.
رۆژی پێنجشەممە، 07ـی ئابی 2025، عەمید ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای رووداوەکە، بەدواداچوونەکانمان بەردەوام بوون، هەموو کامێراکانی چاودێریمان لێدایەوە، گوتەی شایەتحاڵەکانمان وەرگرتووە و بکوژەکەمان دیاری کردبوو، بەڵام دوای 48 کاژێر، بکوژەکە خۆی رادەستی پۆلیس کرد."
رووداوەکە کاژێر 03:00ی بەرەبەیان رووی دابوو. گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە گوتی، "ساڵێک پێش ئێستا، بکوژەکە لەگەڵ یەکێک لە کوژراوەکان دەمەقاڵێی کردووە؛ واتە کێشەکە کۆنە."
تۆمەتبارەکە ناوی (ش. ف. ع)ـە، لەدایکبووی ساڵی 2003ـە و دانیشتووی هەڵەبجەیە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە گوتی، تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ