لە هەرێمی کوردستان 150 فۆڕمی سکاڵا دژی عەجاج پڕکراونەتەوە

07-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان، فۆڕمی سکاڵا دژی تۆمەتبار عەجاج تکریتی (حەجاج) پڕ دەکرێتەوە، بە گوێرەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 150 فۆڕمی سکاڵا پڕکراونەتەوە.
 
لە 04ـی ئابەوە پڕکردنەوەی فۆڕمی سکاڵا دژی عەجاج تکریتی لە ئیدارەی گەرمیان، قەزای چەمچەماڵ و ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو 09ـی ئاب بەردەوام بێت.
 
جەبار شەهید محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە گەرمیان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پرۆسەکە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 70 فۆڕمی سکاڵا پڕکراونەتەوە".
 
سەرەتا سکاڵاکان لە فۆڕمێکدا دەنووسرێن، دواتر جیادەکرێنەوە و بەشێوەی یاسایی رێکدەخرێن، کە کێ وەکو سکاڵاکار بەشدار دەبێت و کێش شاهێدحاڵ.
 
لە سنووری قەزای چەمچەماڵیش لە پارێزگای سلێمانی فۆڕمی سکاڵا دژی عەجاج پڕ دەکرێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەو قەزایەی پارێزگای سلێمانی "لانیکەم 50 فۆڕمی سکاڵا پڕکراونەتەوە."
 
هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە خەڵک سەردان دەکەن و فۆڕمی سکاڵا پڕدەکەنەوە، پرۆسەکە ئەمڕۆ چوار رۆژە بەردەوامە و دوو رۆژی داهاتووش بەردەوام دەبێت".
 
هەر ئەمڕۆ، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داواکارین ئەو کەسانەی بە دەستی عەجاجی تاوانبار ئازار دراون لەم دوو رۆژەی کات ماوە فۆڕمی سکاڵا پڕبکەنەوە".
 
31ـی تەمموز، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیێندرا، کە یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی تاوانی ئەنفال و لە نوگرەسەلمان لای کوردەکان بە "حەجاجی جەللاد" ناسراو بووە.
 
بنکەیەکی دیکەی وەرگرتنی فۆڕمی سکاڵا مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانییە. ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ لای ئێمە 30 کەس فۆڕمی سکاڵاکەیان پڕکردووەتەوە".
 
ئاکۆ غەریب ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەکان بەرزتر دەبنەوە و 30 کەسی دیکە فۆڕمیان بردووە بۆ پڕکردنەوە و نەیانگەڕاندووەتەوە.
 
بەڕێوەبەری ئەمنەسوورەکەی سلێمانی گوتی: "لە کۆتایی پڕۆسەکەدا، فۆڕمەکانی کەلار و چەمچەماڵیش دەهێندرێنەوە سلێمانی و رێکارە یاساییەکانیان بۆ دەکرێت".
 
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە 8 قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد. 
 
بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی كە لە ئەنفالدا دەستگیركران، لە قۆناخی دواتردا لە یەكدی جیاكراونەتەوە، گەنجەكان لەلایەك و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەكانیش لەلایەكی دیكە. گەنجەكان بە پاس بەرەو چاڵەكانی مەرگ رەوانە كراون، ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی ترسناكی نوگرەسەلمان لە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گواستراونەتەوە.
 
ئەوانەی لە زیندانی نوگرەسەلمان دەستبەسەر بوون، رۆژانە لەلایەن کەسێکەوە زۆر بە تووندی ئەشكەنجە دراون، کە دەگوترێت ئەو کەسە عەجاج تكریتی بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".