رووداو - رۆڤیا
بەشێک لە خەڵکی گوندی پەلاسان و دربێسان-ی سەر بە ناحیەی رۆڤیا لە سنووری پارێزگای دهۆک 20 خانوو و 2 دووکانیان دەکەوێتە نزیک شەقامی نێودەوڵەتیی دهۆک - هەولێر، بەشێوەیەک کە سێ بۆ 10 مەتر لە شەقامەکەوە دوورن، ئەوەش مەترسیی لەسەر ژیانی خەڵک و بەتایبەتی منداڵانی گوندەکان دروستکردووە. دانیشتووانی گوندەکان داوایان کردووە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام داواکەیان رەتکراوەتەوە.
قەهرەمان حوسێن خەڵکی گوندی پەلاسان-ە، خانووەکەی نۆ مەتر لە شەقامەکەوە دوورە و نۆ منداڵی هەیە، بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی گواستووەتەوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستاش قەرەبوو نەکراونەتەوە.
جەمال محەممەد دانیشتووی هەمان گوندە و باس لەوە دەکات، پێشبینییان دەکرد کە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام پێیان گوتراوە کە گوندەکە موڵک نییە، بۆیە قەرەبوو ناکرێنەوە.
لە گوندی دربێسان خانوویەک تەنیا سێ مەتر لە شەقامی سەرەکیی دهۆک - هەولێرەوە دوورە، بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە، کاتێک شەقامەکە دروستکراوە زیان بە خانووەکانیان گەیشتووە. زەید زەمان، دانیشتووی گوندەکە دەڵێت، نزیکەی چوار ساڵە قەرەبوو نەکراونەتەوە.
شەعبان سەلیم، خەڵکی هەمان گوندە و دەڵێت، حکومەت کارێکی باشی کردووە کە شەقامێکی باشی دروستکردووە، بەڵام خانووەکانی ئەوان سێ مەتر لە شەقامەکەوە دوورە و ئەوەش گرفتی بۆیان دروستکردووە، بەهۆی رووداوی هاتووچۆشەوە تاوەکو ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگای دهۆک پلانی وابووە کە رێگەیەکی لاوەکی بۆ ئەو دوو گوندە دروستبکرێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوی هاتووچۆ و ئەو 20 خانوو و دوو دووکانەش قەرەبوو بکرێنەوە بە پێدانی نزیکەی 700 ملیۆن دینار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگای دهۆک، شەقامی سەرەکیی دهۆک - هەولێر لە رۆڤیاوە بۆ پردی چەمە 21 کیلۆمەترە و لە ساڵی 2017 بۆ 2019 دروستکراوە و گوژمەی 107 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ