رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئاماری هەفتەیەکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 39 گەریلا و شەڕڤان کراونەتە ئامانج. هەپەگەش کوژرانی 134 سەربازی تورکیا لە مانگی ئابدا راگەیاند.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، عەمید زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە بارەگای سەرەکیی وەزارەتی بەرگریی تورکیا سازکرا، باسی لەوە کرد کە "تەواوی یەکە و دامەزراوەکانی وەزارەتەکە لە پێناو مانەوەی دەوڵەت و بەرگریی و ئاسایشی وڵات هەموو جۆرە رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر و بە پێداگرییەوە بەردەوامن لە ئەرکەکانیان".
زەکی ئاکتورک، ئامارەکانی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خستەڕوو و گوتی: "سوپاکەمان لە 24ـی تەممووزی 2015ـەوە تا ئەمڕۆ 38 هەزار و 528 تیرۆریستیی لەناوبردووە، بێوچان بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەک، بەتایبەتی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە، داعش و فەتۆ".
عەمید ئاکتورک ئاماری هەفتەی رابردوو و هەشت مانگی ئەمساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی بڵاوکردەوە و گوتی: "لە هەفتەی رابردوودا 39 تیرۆریست و لە هەشت مانگی ئەمساڵیشدا تا ئێستا، هەزار و 185 تیرۆریست لە باکووری عێراق و سوورياشەوە کرانە ئامانج".
رۆژی 3ـی ئەیلوولی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئاماری مانگی ئابی شەڕ و پێکدادانەکانی لە دژی سوپای تورکیا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە لە مانگی ئابدا؛ هێزەکانی سوپای تورکیا 113 جار بە فڕۆکەی شەڕکەر، 40 جار بە هێلیکۆپتەر پێگەکانی پەکەکە-یان بۆردوومان کردووە، سێ لەم بۆردوومانانە چەکی قەدەخەکەراو تێیاندا بەکارهاتووە و لە ئەنجامدا 10 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەی هەپەگەدا هاتووە؛ گەریلا 323 جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان. لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان، 3 چالاکیی دزەکردنە ناو بارەگاکان، 8 چالاکیی فرەقۆڵێ، 11 هێرشی پارتیزانی، 65 چالاکیی نیشانشکێنی، 81 چالاکیی وەشاندنی گورز و 154 تۆپباران و هاوەنباران. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 134 سەرباز کوژران و 23 سەربازی دیکەش برینداربوون.
باس لەوەشکراوە؛ درۆنێک، تۆپهاوێژێک، سێ چادر، حەوت کامێرای چاودێری و رەبایەیەک تێکشکێندران و دەستبەسەر کامێرایەکی چاودێریدا گیرا. هەروەها گورز لە هێلیکۆپتەرێکی جۆری سکۆرسکی، هەشت شۆڤڵ و 97 رەبایە درا.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 699 گەریلا و کوژرانی 105 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 996 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 383 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ