رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان کە درێژترین سنووری هەیە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستاندا، کارەکانی دروستکردنی ئەو دیوارە ئەمنییە کە لەسەر هێڵی سنووری دروست دەکرێت، قۆناخێکی نوێی تێپەڕاند.
بەپێی راگەیێندراوێکی قایمقامی ئێلباک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە؛ مستەفا چەلیک، قایمقام و بریکاری سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی ئێلباک-ی سەر بە پارێزگای وان، کارەکانی دروستکردنی دیوارە ئەمنییەکەی لە ناوچەی سوڵتانچایر و گولوک لە سنووری وان-ئێران بەسەر کردەوە.
سەبارەت بە رێکارەکانی سەر سنوور و بونیاتنانی ئەو دیوارە ئەمنییە، چەلیک رایگەیاند: ''بەرپرسن لە هەر سانتیمەترێکی ئاسایشی سنوورمان بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کۆچبەری نایاساییدا".
دروستکردنی دیوارەکان بە سێ قۆناخ دەبێت و هەڵکەندن بەردەوامە. بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا بەردەوام لە هاوئاهەنگیدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هاوبەش لەبارەی دیاریکردنی ئەو گۆڕەپانەی بە دیوارە کۆنکرێتییەکان دەگیرێت.
لە یەکەم قۆناخدا ناوچە مینڕێژکراوەکان لەلایەن تیمەکانی جەندرمەوە پاکدەکرێنەوە بۆ ئەوەی دیوارەکە دروست بکرێن. چاڵەکانیش بە قوڵایی چوار مەتر و پانی چوار مەترە. تاوەکو ئێستا 121 کیلۆمەتر چاڵ هەڵکەندراوە. تا کۆتایی ساڵ درێژی چاڵەکان دەگەیێندرێتە 160 کیلۆمەتر.
هەروەها دیوارەکان بە تێلی دڕکدار تێلبەند کراوە و 58 تاوەری چاودێری دروست دەکرێت، لەگەڵ 45 تاوەری پەیوەندی و تێیاندا کامێرای چاودێری، رادار و سیستمی کۆنترۆڵ دادەنرێت. بەشێکی ئەو کارانە تەواوبووە و تا کۆتایی ساڵ دەخرێنە کار. لە پاڵ ئەمەشدا درۆنەکانی فەرماندەیی جەندرمە چاودێری سنوورەکان دەکات.
تورکیا 911 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریا و رۆژئاڤا، 560 کیلۆمەتر لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵات و 378 کیلۆمەتر لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستا 887 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریا و رۆژئاڤا، 275 کیلۆمەتری لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵات و 162 کیلۆمەتری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دیواری کۆنکرێتی تەلبەندکراو دروستکردووە. بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا پرۆژەی بە دیوار دروستکردنی هەردوو سنوورەکانی لەگەڵ رۆژهەڵات و رۆژئاڤای کوردستان تەواو بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ