رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی سەوڵاوا-مەریوان و سەقز-بانەی سەر بە پارێزگای سنە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 7ـی دیکەیش بریندار بوون.
لە یەکێک لە رووداوەکاندا، کە دوێنێ شەممە 06-09-2025 روویداوە، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی زانتیا و بارهەڵگری بچووک (وانێت) لەسەر رێگەی سەقز-بانەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکیانداداوە و بەهۆی گڕگرتنیان، دوو لە سەرنشینان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
بابەک هودائی، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەونی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە رووداوەکەدا کەسێکیش بریندار بووە، کە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری سەقز.
بابەک هودائی هۆکاری رووداوەکەی بۆ ''خەواڵووبوون و تیژڕۆیی'' شۆفێران گەڕاندەوە.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، لە رووداوێکی هاتووچۆی دیکەدا لەسەر رێگەی سەوڵاوا-مەریوان، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پراید و سەمەند پێکیانداداوە و بەوهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون، سەرجەم برینداران گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری مەریوان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی بەشی فریاکەوتنی پارێزگای سنە، لە 21-7-2025 تاوەکو 21-8-2025، هەزار و 269 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، کە بەهۆیانەوە 2200 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ