مانگ سوور دەبێت؛ کەی مانگگیران بە کاتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات، پڕ دەبێت و کۆتایی دێت؟

07-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو مانگ دەگیرێت، رەنگی بۆ سوور دەگۆڕێت. دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئاسیا و چەند بەشێکی ئەورووپا و ئەفریقا دەتوانن بیبینن. 
 
کاتێک خۆر، زەوی و مانگ دەکەونە سەر یەک هێڵ، سێبەری زەوی دەکەوێتە سەر مانگ و وای لێدەکات بە رەنگێکی سوور و سەیر دەرکەوێت، کە هەزاران ساڵە مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەکات. 
 
خەڵکی باشوور، رۆژهەلات، بەشێکی باکوور و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان دەتوانن مانگگیرانی تەواوەتی ببینن. 
 
بە گوێرەی ئەندازە گەردوونییەکان، کە پشت بە لێکدانەوەی جووڵەی مانگ و زەوی دەبەستن، کاژێر 7:27 خوولەکی ئێوارە بە کاتی هەولێر، دانیشتووانی باشووری کوردستان دەبینن کە مانگ دەست بە گیران دەکات. 
 
کاژێر 8:30 خولەک و 48 چرکە، مانگ بە تەواوی دەگیرێت و بۆ ماوەی کاژێرێک 22 خولەک و 3 چرکە بەردەوام دەبێت. 
 
کاژێر 11:55 خوولەکی شەو، مانگ ئاسایی دەبێتەوە و هیچ سێبەرێکی زەویی لەسەر نامێنێت. 
 
رایان میلیگن، زانای بواری گەردوونناسی لە زانکۆی کوین لە ئێرلەندای باکوور دەڵێت، هۆکاری گۆڕانی رەنگی مانگ بۆ سوور لە کاتی گیرانیدا ئەوەیە کە تاکە رووناکی کە پێی دەگات، ئەو رووناکییە پەرش و شکاوەیە کە بە بەرگەهەوای زەویدا دەڕوات. 
 
کاتێک رووناکی بە بەرگەهەوادا دەڕوات، رووناکیی شین، کە شەپۆڵەکانی کورتن، بە ئاسانی پەرش دەبێت و ناگات بە مانگ، بەڵام رووناکییە سوورەکە شەپۆڵەکانی درێژن و بە ئاسانی دەگەنە مانگ. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە