رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیێندراوەکەی 'ئەندامە یەکێتییەکانی دەستەکە' لەسەر رووداوەکەی لالەزار بە ''نافەرمی'' دادەنێت و دەڵێت، ''ئەوەی گومانی لە بێلایەنیی دەستە هەیە، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات''.
لەبارەی چارەنووسی دەستگیرکراوانی لالەزاریش دەڵێت: "چارەنووسی نزیکەی 15 کەس دیار نییە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 07-09-2025، سولەیمان سندی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەبارەی دوو راگەیێندراوە دژ بە یەکەکانی دەستەکە لەسەر دەستگیرکراوانی لالەزار و کەیسەکەی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''تەنیا یەک راگەیێندراوی فەرمیمان هەبووە و ئەویش لە ماڵپەڕی دەستە بڵاوکراوەتەوە.''
"پەیامی فەرمی تەنیا لە ماڵپەڕی دەستەکە بڵاو دەکرێتەوە"
شەوی هەینی 5ـی ئەیلوول، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگەنادەن دەستگیرکراوانی لالەزار ببینن و لە بێسەروشوێنان بپرسن. رۆژێک دواتر، ئەندامە یەکێتییەکانی دەستەکە راگەیێندراوەکەیان رەتکردەوە.
سولەیمان سندی ئاماژەی بەوە کرد، ''د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستە لە شیکردنەوەیەکدا زۆر بە روونی لەسەر بابەتی بێلایەنیمان، باسی هەموو شتێکی کردووە.''
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە ''تەنیا ئەو پەیامەی لە ماڵپەڕی فەرمیی دەستە بڵاو بووەتەوە، ئەوە پەیامی دەستەکەیە، بۆیە لەوبارەوە تەنیا یەک پەیاممان هەبووە.''
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە 5 ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بەڕێوەبردن و سەرۆک پێکهاتووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن و دووانەکەی دیکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
راگەیێندراوەکەی دوێنێ شەممەی ئەندامە یەکێتییەکانی دەستەی مافی مرۆڤ پێچەوانەی راگەیێندراوی هەینیی دەستەکەیانە و تێیدا هاتووە: "ئێمە دەڵێین لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی لە رۆژی یەکەمی رووداوەکەی لالەزار و بابەتەکانی دیکەش هاوکار بوون، دەبوو دەستە رەچاوی ئەوەی بکردبایە ئەو کەیسە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەیە و نابێت پەلەی تێدا بکرێت".
سولەیمان سندی ئاماژەی بەوە کرد، ''بابەتی پەلەکردن و دواخران بە دەست ئێمە نییە. رێگەپێدراوین لە هەر کاتێکی پێویست، پەیاممان هەبێت و بەدواداچوون بکەین بۆ ئەو حاڵەتانەی کە پەیوەستن بە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ.''
''هەر کەسێک گومانی لە بێلایەنیی ئێمە هەبوو، سکاڵا تۆمار بکات"
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، رۆژی هەینی خێزانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل پەیوەندییان بە د. مۆنا یاقۆوە کردووە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتەکەش سکاڵایان لەسەر رێگریکردن لە بینینی دەستگیرکراوان ناردووە، ''لەو بارەوە لەگەڵ د، مۆنا قسەمان کرد و گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە دەستەکە پەیامێکی هەبێت.''
دەستەکە لە راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینیدا باسی لەوە کردووە کە رێگەنەدان بە بینینی بەشێک لە دەستگیرکراوانی لالەزار ''گومان هەڵدەگرێ و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجەدرابن و تووندوتیژی لەگەڵیان بەکارهاتبێت.''
سولەیمان سندی دەڵێت، ''ئەو ناوانەی کە ئێمە [بۆ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی] ناردوومانن، هێشتا نازانین بێسەروشوێنن یان ئەشکەنجە دراون. کاتێک رێگە نادرێت بیانبینین، ئەمە گومان دروست دەکات. ئێمەش حەز ناکەین گومان لەسەر دەزگا ئەمنییەکان هەبێت.''
ئەندامە یەکێتییەکانی دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینی بێلایەن نەبووە. سولەیمان سندی گوتی، ''تاوەکو ئێستا بەبێ لایەن کاری دەستەمان راپەڕاندووە و بەڵێن بە خەڵکی کوردستان دەدەین هەرچی پێویستیشە بەبێ لایەنی بیکەین.''
جەختیشی لەوە کردەوە، ''هەر کەسێک گومانی لە بێلایەنیی دەستە هەبوو، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، ئینجا لەنێو دەستە بێت یان لە دەرەوەی دەستە.''
سلێمان سندی، لەبارەی دەستگیرکراوانی لالەزارەوە زیاتر گوتی، "163 کەس لە دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار لە دەزگای ئاسایشی سلێمانی راگیرابوون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دووانیان ئازاد کران و ئێستا 161 کەس لەوێ راگیراون".
بە گوتەی سلێمان سندی، دوایین جار لە لیستێکدا ناوی نزیکەی 15 کەسیان لە رێگەی راوێژکارێکی دەستەکەوە بۆ دژەتیرۆری سلێمانی ناردووە تاوەکو لە چارەنووسیان دڵنیابنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو لیستەی داواکرابوو بدەن و داوایان لە دەستەی مافی مرۆڤ کردووە نووسراوێکی فەرمییان ئاراستە بکەن.
گوتیشی: "هیچ شتێک لەبارەی ئەو کەسانەوە نازانین، تاوەکو ئێستا رێگە نەدراوە نە خێزانەکانیان، نە پارێزەرەکانیان و نە ئێمەش بیانبینین".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەکە دەڵێت: "ئەم رەفتارانە گومان لەسەر سەلامەتیی ئەو کەسانە دروست دەکەن، تەنیا داوامان کردووە کە ئێمە یان پارێزەرەکانیان بیانبینن تاوەکو لە تەندروستی و ژیانیان دڵنیا ببینەوە".
نزیکەی 16 رۆژ بەسەر شەڕەکەی لالەزاردا تێپەڕیوە. سلێمان سندی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی دروست لەبارەی بێسەروشوێنەکانەوە نییە، نازانین چەندیان ماون و چەندیان مردوون".
بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
پەیمان محەممەد و سۆلین محەممەد پێکەوە ئەم هەواڵەیان داڕشتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ