رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری پاراستن و بەکارهێنان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 13 کەس لە بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە خنکاون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی ئەیلوولی 2025، بابەک نیک نیا، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری پاراستن و بەکارهێنان ئامارێکی نوێی لەبارەی خنکان لە بەنداوەکانی پارێزگاکە بڵاوکردەوە.
بابەک نیک نیا رایگەیاند، سەڕەرای هەموو ئاگاداری و هۆشدارییەکانیان، بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ مەلەکردن دەچنە بەنداوەکان، بۆیە ئەم ساڵیش چەندین رووداوی خنکانی لێکەوتووەتەوە.
نیک نیا دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 13 کەس لە بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە خنکاون.
دەشڵێت، "بەداخەوە گەنجەکان رەچاوی تابلۆکانی هۆشداری و ئاگادارکردنەوەکان ناکەن و هەر بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی خنکانیان."
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ داوا لە خەڵک دەکات لە بەنداوەکان مەلە نەکەن و ئاگاداری تابلۆکان بن بۆ ئەوەی خنکانی ئازیزانیانی لێ نەکەوێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنیا لە 10 رۆژی رابردوودا، دوو کەس لە بەنداوی مهاباد خنکاون.
بە پێی رێنماییەکان، مەلەکردن لە نێو بەنداوەکان قەدەخەیە و لە دەوروبەری بەنداوەکان چەندین تابلۆ دانراون کە لەسەریان نووسراوە "مەلەکردن قەدەخەیە" و داوا لە خەڵک کراوە لە ئاوی بەنداوەکە نزیک نەبنەوە.
بەپێی ئامارێکی فەرمیی دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو هەزار و 26 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ