رووداو دیجیتاڵ
7 جووتیار بەهۆی مەرەزەکردنەوە لە سنووری گەرمیان دەستگیرکران. بەڕێوەبەری ئاودێریی سنوورەکە دەڵێت، ئەو جووتیارانە لەسەر پڕۆژەیەکی ئاو مەرەزەیان کردووە کە پێشتر قەدەخەکراوە.
جووتیارەکان لەسەر پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆ لە گەرمیان مەرەزەیان کردووە کە سەرچاوەی ئاوی 19 گوندی سنووری کەلار، خانەقین و دەوروبەرە.
موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەبەر کەمبارانیی ساڵی رابردوو، پێشتر جووتیارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت مەرەزە بکەن، بەڵام 19 جووتیار سەرپێچییان کردووە و مەرەزەیان کردووە".
بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان دەڵێت، لەو 19 جووتیارەی سکاڵا دژیان تۆمارکراوە، 7یان دەستگیرکران و دوای رۆژێک بە دانانی دەستبەری ئازادکران: "دۆسیەی هەموویان لە دادگەیە".
مەرەزە کە چاندنی برنجە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان سەرەتای مانگی 6 دەستپێدەکات و بەرهەمەکەی دەکەوێتە نێوەڕاستی مانگی 10ـەوە.
موئەیەد ئەحمەد دەڵێت: "ئەو کارەمان قەدەخەمان کردووە، چونکە کەمئاوییە؛ مەرزەش لە رۆژی یەکەمیەوە دەبێت ئاوی لەسەربێت تاوەکو 10 رۆژ پێش دروێنەکردن، ئەوەش ئاوێکی زۆری پڕۆژەکە بەهەدەر دەدات".
برنجی کوردیی گەرمیان بەنێوبانگە. بەڕێوەبەری ئاودێری دەڵێت: "هەموو ئەو زەوییانەی لەسەر رووباری سیروانن مەرەزەیان کردووە و کەس رێگری نەکردووە، تەنیا قەدەخەمان لەسەر ئەو زەییانە داناوە لەسەر پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆن کە نابێت مەرزە بکەن".
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ساڵانە چەند جۆرێک برنج دەچێندرێ، لەوانە نەگازە، بازیان، بەرازیلی و مەحموود.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ