چەندین بەشی زانکۆ و پەیمانگە بەهۆی نەبوونی خواستەوە مەترسی داخستنیان لەسەرە

07-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمساڵ نزیکەی 43 هەزار قوتابی شەشی ئامادەییان تەواو کرد و لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان وەرگیران؛ زۆرترین خواست بۆ خوێندن لە کۆلێژە پزیشکییەکان و ئەندازیاری بووە؛ هاوکات چەند بەشێک کەمترین قوتابییان وەرگرتووە، لەوانە جوگرافیا و مێژوو.
 
بۆ خوێندنی ساڵی 2023 – 2024، زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان توانای وەرگرتنی 63 هەزار قوتابیان هەبوو، لەو ژمارەیە 42 هەزار و 985 قوتابی وەرگیران و 20 هەزار و 15 کورسیش بە بەتاڵی ماونەتەوە.
 
بۆ ئەم ساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، کۆمەڵێک بەشی زانکۆ و پەیمانگەکان خواستی زۆری قوتابیانیان لەسەربوو؛ بەشیش هەیە یەک قوتابی وەرگرتووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، هەر بەشێک لە 10 قوتابی کەمتر وەربگرێت، دەبێت قوتابییەکە بەشەکەی بگوازێتەوە بەشێکی دیکە لەگەڵ نمرەکەیدا بگونجێت.
 
ئەم ساڵ خوێندن لە بەشە پزیشکییەکان و ئەندازیاری داواکاری زۆریان لەسەر بوو، بەڵام بەشەکانی وەک مێژوو، جوگرافیا، شوێنەوار، زمانی کوردی، فارسی و چەندین بەشی دیکە کەمترین قوتابیان وەرگرتووە.
 
زانکۆی سەلاحەدین 4,612 قوتابیی وەرگرتووە
 
بۆ خوێندنی ساڵی 2023 – 2024، زانکۆی سەلاحەدین کە زیاتر لە 25 هەزار قوتابی هەیە و پێکهاتووە لە 16 کۆلێژ و 95 بەش، بەشی هەیە تەنیا یەک قوتابیی وەرگرتووە. بەگوێرەی داتاکانی زانکۆکە بۆ رووداو، بەشی فەلسەفە یەک قوتابی؛ شوێنەوار دوو قوتابی و کۆمەڵناسی 12 قوتابیان وەرگرتووە.
 
لە زانکۆی سۆرانیش سێ بەش ژمارەکە نەگەیشتووە بە رێژەی کردنەوەی قۆناخی یەکەم لە بەشەکەدا. بەگوێرەی تۆماری زانکۆی سۆران بۆ رووداو، چەند بەشێکیان ژمارەیەکی زۆر لە قوتابی روویان تێکردووە، وەکو بەشەکانی یاسا، نەوت و کانزاکان، ئایتی، ژمێریاری، فیزیا و ئینگلیزی. 
 
لە زانکۆی سۆران کۆمەڵێک بەش کەمترین خواستیان لەسەربووە، لەوانە، لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی سۆران 1 قوتابی وەرگیراوە؛ لە بەشی دەروونزانی لە کۆلێژی ئاداب هەشت قوتابی وەرگیراون؛ لە بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی سۆران هەشت قوتابی وەرگیراون؛ لە بەشی جوگرافیا لە کۆلێژی ئادابی سۆران 12 قوتابی وەرگیراون؛ لە بەشی مێژووش لە هەمان کۆلێژ 13 قوتابی وەرگیراوە.
 
لە زانکۆی هەڵەبجە 10 بەش مەترسی داخستنیان لەسەرە
 
لە زانکۆی هەڵەبجە 10 بەش مەترسی داخستنیان لەسەرە و چەند بەشێکیش زۆرترین قوتابییان وەرگرتووە. بەگوێرەی ئاماری زانکۆی هەڵەبجە بۆ رووداو، وەرگرتن لە زانکۆکە بەگوێرەی بەشەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
 
- یاسا 97 قوتابی
- باخچەی منداڵان- ئێواران 68 قوتابی
- زمانی ئینگلیزی؛ 66 قوتابی
- بازرگانیی ئێواران؛ 58 قوتابی
- پەروەردەی وەرزش؛ 58 قوتابی
- ئەندازیاری شارستانی؛ 57 قوتابی
- زانستی کۆمپیوتەر؛ 46 قوتابی
- جوگرافیا – بەیانیان؛ 1 قوتابی
- جوگرافیا – ئێواران؛ 1 قوتابی
- زانستە کۆمەڵایەتییەکان؛ 2 قوتابی
- گەشتوگوزار؛ 2 قوتابی
- بنەماکانی ئایین – ئێواران؛ 2 قوتابی
- مێژوو؛ 4 قوتابی
 
زانکۆی راپەڕین: بەشی فەلسەفە یەک قوتابی وەرگرتووە
 
بەگوێرەی ئاماری زانکۆکە بۆ رووداو، زانکۆی راپەڕینیش ژمارەیەک بەشیان مەترسی داخستنیان لەسەرە، ئەویش بەهۆی کەمی داخوازیی قوتابیانەوە بۆیان، کە بریتین لە بەشەکانی فەلسەفە کە یەک قوتابی لێ وەرگیراوە و لە مێژووش 4 قوتابی وەرگیراوە.
 
لە زانکۆ راپەڕین بەشە پزیشکییەکان زۆرترین قوتابیان وەرگرتووە؛ پەرستاری 66 قوتابی و تاقیگەی گشتی 66 قوتابیان وەرگرتووە، بەشەکانی ئایتی 56 قوتابی و ئەندازیاریش 50 قوتابییان وەرگرتووە.
 
زانکۆی گەرمیان: زۆرترین قوتابی لە بەشە پزیشکی و ئەندازیارییەکان وەرگیراون
 
لە زانکۆی گەرمیانیش هاوشێوەی زانکۆکانی دیکە زۆرترین خواست لەسەر بەشە پزیشکییەکان و یاسا بووە؛ ئەمساڵ بەشی پزیشکی 80 قوتابی و یاسا 80 قوتابی وەرگرتووە، هەروەها هەردوو بەشی جوگرافیا و مێژوو لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان کە لە خانەقینە و سەر بە زانکۆی گەرمیانە هیچ قوتابییەک وەرنەگیراوە و خواستی کەسی لەسەر نەبووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.