چوار بازنە؛ '186 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە وەستاون'

07-10-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
چوار بازنە.
چوار بازنە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە نوێترین بەرنامەی چوار بازنەی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە بەشداری چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان و بەربژێری چوار لایەنی سیاسی لە بازنەی هەڵەبجە، باس لە دۆخی پارێزگای هەڵەبجە، کێشەکانی بە پارێزگابوونی شارەکە و پڕۆژەکانی هەڵەبجە کرا. 
 
لە بەرنامەکەدا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمانەوە پێشکێشی دەکات، هەریەکە لە کاوە عەلی، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان؛ عەباس محەممەد، بەربژێری کۆمەڵی دادگەری؛ شاهین حەمەڕەزا، بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان و سەنگەر هەورامی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدار بوون. 
 
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکرد.
 
لە ئاداری رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد، پڕۆژە یاسایەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە. 
 
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا کاوە عەلی بۆچوونی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی لەبارەی دۆخی هەڵەبجە راگەیاند و گوتی، ئەوان لە شێوازی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە ناڕازین و پێیان وایە کە پڕۆژەکانی شارەکە پەراوێزخراون. 
 
بەربژێرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بە پڕۆژە تەواونەکراوەکانی هەڵەبجە کرد و گوتی، نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 2009ـەوە تەواو نەکراوە و رێگەی دووسایدی سەیدسادق – هەڵەبجە لە ساڵی 2008ـەوە تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە. 
 
هەروەها عەباس محەممەد، بەربژێری کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگاکەی بە "پشتگوێخراو" ناوبرد و گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ گرنگییەک بە پارێزگای هەڵەبجە نەدراوە. 
 
بەربژێرەکەی کۆمەڵی دادگەری حیزبەکانی دەسەڵات و ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی بە بەرپرسیار دانا. 
 
هەروەها شاهین حەمەڕەزا، بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا کاری پێویست بۆ خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە نەکراوە. 
 
بەربژێرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە لەلایەن بزووتنەوەکە کرد و گوتی، ئەوان لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکییان بۆ خزمەتکردنی شارەکە هەبووە.  
 
لەبارەی داهاتی پارێزگای هەڵەبجەش، شاهین حەمەڕەزا ئاماژەی بەوە کرد، داهاتی پارێزگاکە هیچی ناگەڕێتەوە سندووقی پارێزگاکە، بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین سەردانیدا بۆ پارێزگاکە بڕیاریدا 20٪ـی داهاتی گومرگەکان بگەڕێتەوە بۆ سندووقی پارێزگاکە. 
 
لە پارێزگای هەڵەبجە 186 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە وەستاون و کاریان لەسەر ناکرێت. 
 
ساڵی رابردوو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 350 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخان کرد. 
 
سەنگەر هەورامی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکە لە بەرنامەکەدا باسی لەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوژمەی 386 ملیار دینار، 150 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کردووە. 
 
بەربژێرەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکان لەسەر بوودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان دەکرێت و دەسەڵاتی ئیدارەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بڕیاریان لەسەر دەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی پێشمەرگەکە و باوکی

باوکی پێشمەرگە ونبووەکە: داوا لە حکومەت دەکەین کوڕەکەمان بدۆزێتەوە

دوای 10 ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی پێشمەرگەیەکی دانیشتووی ناحیەی دینارتە لە سنووری ئاکرێ، زانیارییەکی سەرەتایی دەگاتە کەسوکاری. باوکی ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت، "ئێمەش تەنیا گوێمان لێبووە کە شوێنەکەی زانراوە، بەڵام نە بینیومانە نە گوێمان لە دەنگی بووە."