رووداو دیجیتاڵ
جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی نیمچەفەرمیی کێلێ لە سنووری قەزای پشدەر (ئیدارەی راپەڕین) بە تەواوی وەستاوە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی نوێی حکومەتی ئێران بۆ وەرگرتنی پارەیەکی زۆر بەرامبەر بە چوونی بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی ئێران ماوەیەکە داوای دەکرد لە بەرامبەر چوونە ژوورەوەی هەر بارهەڵگرێک بۆ سنووری ئێران، بڕی 20 هەزار دینار (قەپان) وەربگرێت. ئەم بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە دەروازەکە جێبەجێ کراوە.
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین ئاماژەی بە جیاوازیی گەورەی نێوان ئەو بڕە پارەیە کرد لەگەڵ ئەوەی لە بارهەڵگرانی ئێرانی وەردەگیرێت: "ئەو بارهەڵگرە ئێرانیانەی دێنە سنووری هەرێمی کوردستان تەنیا 5 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت."
بەهۆی زۆریی ئەو بڕە پارەیەوە، شۆفێرانی بارهەڵگرەکان بایکۆتی بارکردنی باریان کردووە، بەهۆیەوە لە ئێستادا جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەکە بە تەواوی وەستاوە.
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین جەختی لەوە کردەوە کە بڕە پارەی داواکراو زۆرە و ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە و ئاساییکردنەوەی هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەکە.
دەروازەی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر و جگە لە هاتووچۆی گەشتیاری، رۆژانە زیاتر لە 150 بارهەڵگر کاڵا و شتومەک لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ