قایمقامی ئامێدی: هێشتا نزیکەی 160 گوند بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە چۆڵن

07-10-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای ئامێدی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی ئەم ساڵدا زیاتر لە 121 پرۆژەی خزمەتگوزاری بە بەهای نزیکەی 25 ملیار دینار لە سنوورەکەیان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات دەشڵێت، هێشتا نزیکەی 160 گوند بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە چۆڵن.
 
وارشین مایی، قایمقامی قەزای ئامێدی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی ئەم ساڵدا 121 پرۆژەی جۆراوجۆرمان خستوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، زۆرینەیان تەواو بوون و بەشێکیشیان کاریان تێدا دەکرێت." گوتیشی، "بەهای گشتیی پرۆژەکان نزیکەی 25 ملیار دینارە."
 
بە گوتەی وارشین، لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا، سەرنجی سەرەکییان لەسەر سێکتەرەکانی رێگەوبان، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بووە.
 
سەبارەت بە بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار، قایمقامی ئامێدی ئاماژەی بە چەند پرۆژەیەک دا، لەوانەش، "کۆرنیشی شیلادزێ، پردی شووشەیی لە سۆلاڤ و رێگەی دەوروبەری ئامێدی و بامەڕنێ،" کە بە ژێرخانی گرنگی ئەو سێکتەرەیان دادەنێت. هەروەها ئاشکرای کرد، زیاتر لە 23 پرۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری، وەکو هۆتێل و شوێنی گەشتیاری، لە سنوورەکەدا کاریان تێدا دەکرێت.
 
سەرەڕای ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە، وارشین مایی ئاماژەی بەوە کرد، ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان یەکێکە لە ئاستەنگەکان و گوتی، "لە کۆی 356 گوند لە سنووری قەزای ئامێدی، هێشتا نزیکەی 160 گوند بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە چۆڵن." ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ ئەو گوندانەی خەڵکیان بۆ گەڕاوەتەوە، هەوڵمان داوە راستەوخۆ کارەبا و رێگەوبانیان بۆ دابین بکەین، زیاتر لە 8 ملیار دیناریش تەنیا بۆ رێگەی گوندەکان تەرخان کراوە."
 
قایمقامی ئامێدی باسی لە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی کرد و رایگەیاند، بڕیارە لە 23ی ئەم مانگە "فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان" لە کانی ماسێ بەڕێوەبچێت و لە ناوەڕاستی مانگی 11یشدا "فێستیڤاڵی تەحین" لە ئامێدی سازبکرێت، چونکە زیاتر لە 10 کارگەی تەحین لە سنوورەکەدا هەن.
 
لەبارەی گرفتی نەختینە لە بانکەکان، وارشین مایی گوتی، "ئەوە گرفتێکی سەرتاسەرییە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین کارکردن لە پرۆژەکاندا بەردەوام بێت، بەتایبەت رێگەوبانی گوندەکان تاوەکو پێش وەرزی بارانبارین تەواو بکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

فڕۆکەخانەی هەولێر: شەوی رابردوو 38 گەشت دواخران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆی تەمەوە 38 گەشت بۆ ئەمڕۆ دواخران. کەشناسێکیش بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو تەنیا لە دەشتی هەولێر تەم هەبێت."