رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆی خوێناوی دا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لەسەر رێگەی دیالە-بەغدا روویدا، 14 کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلی جۆری کیا، هیۆندا ئەکسێنت و هیۆندا ئەلنترا روویدا. پۆلیسی دیالە رایگەیاند، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بووە، دەستگیرکراوە.
قوسەی فەواز، یەکێک لە شایەتحاڵانی روداوەکە بە رووداوی راگەیاند: "هۆکاری رووداوەکە رووناکیی شەقام نییە، بەڵکو خودی شەقامەکە وێرانە و نە شۆستەی هەیە و نە هیچ، تەنانەت هێماکانی هاتووچۆش لەسەر شەقامەکە سڕاونەتەوە. سەیرکە دۆخی شەقامەکە جێگەی داخە."
رووداوەکە کاژێر 04:00ی بەرەبەیان روویدا. ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا کە شەش سەرنشینی تێدابووە و بەرەو بەغدا رۆیشتووە، لەگەڵ هیۆندا ئەکسێنتێک کە 7 سەرنشینی تێدابووە و بەرەو دیالە رۆیشتووە، لەگەڵ هیۆندا ئەلنترا کە تەنیا یەک کەسی تێدابووە و ئەویش بۆ دیالە دەچوو، پێکیان داداوە. بەهۆیەوە 14 سەرنشینی ئەو سێ ئۆتۆمبێلە گیانیان لەدەستدا.
لەناو هیۆندا ئەکسێنتەکەدا، شەیما ئەحمەد لەگەڵ سێ منداڵی خۆی، شۆفێرەکە کە برای شەیما بووە، لەگەڵ دوو برازای دیکەی گیانیان لەدەستداوە.
مازن حەمید، ئامۆزای شەیما بە رووداوی گوت: "کوڕی مامەکەم ئۆتۆمبێلی هەیە و هەردوو خوشکەکەی و چوار لە منداڵەکانی هاتبوون لەگەڵی. لە بەغداوە بەڕێکەوتبوون بۆ ئەوەی بێنە بەعقوبە."
ئەو خێزانە 6 کەسەی کە لەناو کیاکەدا بوون، دانیشتووی پارێزگای ئەنبار بوون. گەنجێکیش بە تەنیا لەنێو ئەلنتراکەدا بوو، خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدین بووە. تەرمی قوربانییەکان بۆ زێدی خۆیان گواستراونەتەوە.
ئەحمەد ماجد، ئامۆزای شەیما بە رووداوی راگەیاند: "لە خێزانەکەی من 7 کەس گیانیان لەدەستدا و، لە ئۆتۆمبێلی کیاکەش 6 کەس رۆیشتن و لە ئەلنتراش یەک کەس."
پۆلیسی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بەهۆی تیژڕەوی و سەرپێچیی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بووە و بارهەڵگرەکەش دەستگیرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ