رووداو دیجیتاڵ
پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی زیاتر لە 7 هەزار کەس بە گرێبەست لە کەرکووک دەستیپێکرد. دامەزراندنەکە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکان دەبێت، نەک رێژەی نەتەوە و پێکهاتەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، لیژنەی دامەزراندنی ئەو کەسانە لە کەرکووک کارا بوو کە بە گرێبەست دادەمەزرێن.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند: "دامەزراندنی ئەو کەسانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی قەزاکان دەبێت، نەک لەسەر بنەمای رێژەی پێکهاتەکان، ئەمە لە بەرژەوەندی کورد نییە، چونکە کورد لە ناوچەکانیان راگوێزراون و ژمارەیان کەم بووەتەوە بە بەراورد بە ناوچە عەرەبییەکان."
لە کۆی ئەو 150 هەزار کەسەی بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق دادەمەزێندرێن، 7304 کەسیان بۆ پارێزگای کەرکووکە.
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی: "ئەو دامەزراندنانە هەردوو کەرتی پەروەردە و تەندروستی ناگرێتەوە و ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکە مانگێکە و دواتر بەگوێرەی خاڵ پێشکەشکاران وەردەگیرێن."
مووچەی مانگانەی ئەو فەرمانبەرانەی بە گرێبەست دادەمەزرێن 300 هەزار دینارە و دوای سێ ساڵ دەکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ