باڵیۆزی رۆمانیا بۆ رووداو: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی زۆر گرنگە

07-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق دەڵێ، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە بواری نەوتدا "هەنگاوێکی زۆر گرنگە" و "دەرفەتێکە" بۆ عێراق تاوەکو هەناردەی نەوتی بۆ ئەورووپا زیاد بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە پێی راگەیێندراوە "هەندێک بەرەوپێشچوون" لەبارەی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 07-10-2025، دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) لە شاری هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی پێکرد. رادوو ئۆکتاڤیان، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق، لە پەراوێزی دیدارەکەدا وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە.
 
رێککەوتنی نەوتی و دەرفەت بۆ ئەورووپا

 

سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبواری نەوت، باڵیۆزی رۆمانیا گوتی: "بەڵێ، پێم وایە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە. پێم وایە، ئەم رێککەوتنە پێشوازییەکی زۆری لێدەکرێ، چونکە گەڕانەوەیە بۆ ئاساییبوونەوە، لە هەموو عێراقدا."
 
ئۆکتاڤیان گوتیشی: "ئەمە دەرفەتێکە بۆ عێراق بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی بۆ ئەورووپا زیاد بکات."
 
پێکهێنانی کابینەی هەرێمی کوردستان
 
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی رۆمانیا گوتی، بڕیاردان "دەکەوێتە سەر دوو پارتە گەورە سیاسییەکە" کە مەبەست لێی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. 
 
بەڵام گوتی: "دەزانم کە خەریکن دانوستاندن دەکەن، پێمان راگەیێندرا کە ئەمڕۆ هەندێک بەرەوپێشچوون لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوون، با بزانین لە داهاتوو چی دەبێت."
 
هەڵبژاردنەکانی عێراق و دیداری مێری
 
باڵیۆزی رۆمانیا هیوای خواست هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێ و رایگەیاند: "چاومان لەوەیە کار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی نوێ و پەرلەمانی نوێ بکەین."
 
باڵیۆزی رۆمانیا دیداری مێری بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و گوتی: "لە ساتێکی زۆر گرنگدا بەڕێوەدەچێت. یەکێکیان بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانەوەیە. هەروەها، جێگەی بایەخە کە گوێمان لە سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە بێت؛" گوتیشی، کاتی دیدارەکە بەهۆی دۆخی ناوچەییەوە گرنگیی زیاتری هەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسەکانی غەززە، سووریا و ئێران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".