لە سەوڵاوای سنە دوو پاسدار کوژران

07-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران رایگەیاند، گرووپێکی چەکداری دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەوڵاوای سەر بە پارێزگای سنە هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان و پێکدادان لە نێوان هەردوو لا روویداوە. لە ئەنجامدا دوو پاسدار کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2025، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای بەیتوڵموقەدەس، لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو ئەندامەی هێزەکەی راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شەوی دووشەممە، گرووپێکی چەکداری دژبەری شۆڕش بە نارنجۆک هێرشی کردە سەر بنکەی سوپای پاسداران لە سێڕیانی حیزبوڵڵا لە ناوچەی سەوڵاوا و بەهۆیەوە دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان کوژران.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەدا، هەر یەک لە عەلیڕەزا وەلیزادە و ئەیووب شیری لەو ‌‌هێرشەدا کوژراون. سێ پاسداری دیکەش بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ لە پشت هێرشەکەیە، پاسداران هێرشکارەکانی بە "دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران" ناوبردوە و رایگەیاندووە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دۆزینەوەی هێرشکارەکان کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە