رووداو دیجیتاڵ
بەڵێندەرێک دەڵێت، لە ساڵی رابردووەوە 460 ملیۆن دیناری لە پرۆژەیەکدا خەرج کردووە و پارەی پێنەدراوە. جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێندەران دەڵێت، ئەمڕۆ نووسراو بۆ خەرجکردنی پارە دەدەنە وەزیری دارایی.
رزگار مەولوود، بەڵێندەر لە سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە قەزای شەقڵاوە بە بەهای 460 ملیۆن دینار قیری کردووە و ساڵی رابردوو چەکێکی 160 ملیۆن دیناری بۆ کراوە، بەڵام پارەی بۆ خەرج نەکراوە.
بە گوتەی ئەو بەڵێندەرە، "خەرجکردنی پارەکەی تەنیا واژۆی بەڕێوەبەری بانکەکانی پێویستە".
راستی فازڵ عەوێنە، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێندەران ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ تاوەکو کاژێر 04:00ـی ئێوارە بەڕێوەبەری گشتیمان و بەرپرسانی بانکەکان کاریان کردووە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ نووسراو ئاراستەی وەزیری دارایی و ئابووری دەکەین".
بە گوتەی جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێندەران، نزیکەی ساڵێکە هیچ بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەرانی هەولێر خەرج نەکراوە، تاوەکو ئێستا 102 بەڵێندەر هەن پارەیان وەرنەگرتووە.
راستی فازڵ عەوێنە گوتی: "دوای گەیاندنی نووسراوەکەمان، بڕیارە وەزیری دارایی بەشێک پارەمان بۆ خەرج بکات".
22ـی مانگی رابردوو، شاندێکی شاندێکی یەکێتیی بەڵێندەران لقی هەولێر بە سەرۆکایەتیی راستی فازڵ عەوێنە و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بۆ شایستەی بەڵێندەران کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە راستی فازڵ عەوێنە بە رووداوی راگەیاند: "وەزیری دارایی لیژنەی پێکهێنا و بەڵێنی 100%ـی پێداین کە لەمەودوا مانگانە بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەرانی هەولێریش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە خەرج بکرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، دوای گوێگرتن لە کێشەی بەڵیندەرەکان، وەزیری دارایی رایگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەڵێندەران و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین نووسراومان لە بەرژەوەندی بەڵێندەران بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی".
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاوات شێخ جەناب بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بانکە بازرگانییەکانی راسپاردووە لەگەڵ یەکێتیی بەڵێندەران لەسەر هێڵ بن بۆ وەرگرتنی داتای شایستەی کۆمپانیاکان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ