مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە ئامادەبوونی نوێنەری ترەمپ کۆدەبنەوە

07-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.
 
شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەری دەکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندە کوردییەکە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەدان.
 
لە کۆبوونەوەکانی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەرۆکی سووریا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و ئەدمیراڵ کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئامادەن.
 
بەشێکی کۆبوونەوەکان بۆ تاوتوێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دوێنێی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)ـە.
 
شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، نزیک کاژێر 04:00ـی ئێوارە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
 
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
بەگوێرەی نەخۆشخانەی گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆ رووداو، لە رووداوەکانی دوێنێدا کەسێکی سڤیل کوژراوە و 50 کەسیش بریندار بوون.
 
بۆ هۆکاری دەستپێشخەری شەڕەکەی شەوی رابردوو، وەزارەتی بەرگرییی حکومەتی کاتیی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد، بەڵام هەسەدە بە راگەیێندراوێک وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ئاڵۆزییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.