کوردستان
کۆبوونەوەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و زەهرا بێل، جێگری کۆنسوڵی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند، مەبەستی سەردانەکەیان بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "بودجەی عێراق لە ساڵی 2023دا نزیکەی 100 بۆ 130 ملیار دۆلار دەبێت"، بەپێویستیشی دەزانێت شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگییان لەگەڵدا بکەن.
وەزیری دارایی: دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت و غاز چارەسەر بکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 7-11-2022، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو شاندەی بڕیارە بەمنزیکانە بۆ بابەتی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک پرسی دیکە سەردانی بەغدا بکات رایگەیاند: "ئێمە لەپێناو بەدەستهێنانی بەشەبودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا، هیوادارین سەرەتایەکی باش هەبێت بۆ لێکتێگەیشتنی دانوستاندنەکان بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بە پارێزراوی بەدی بێت."
روونیشیکردەوە، ئامانجیان گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، هاوکات دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت و غاز چارەسەر بکرێت، گوتیشی: بە هیواین لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەست بهێنین.
ئەو قسانەی ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شاندێکی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکای راگەیاند، کە ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان کردبوو. شاندەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا پێکهاتبوون لە زەهرا بێل، جێگری کۆنسوڵ و هیث بەیلی، سەرۆکی بەشی ئابووریی کۆنسوڵخانە.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ سەردانی بەغدا بکات.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕیوە بە جیددی کار بکات بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەسەر ئەو بنچینەیەش شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر ئەو کێشانە دانوستاندن دەکەن.
لەساڵی 2014 حکومەتی عێراق بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی. هەرچەندە لە زۆربەی ساڵەکاندا پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق جێگیرکراوە، بەڵام بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا سەردانی بەغدا دەکەن محەممەد شیاع سوودانی لە کارنامەی حکومەتەکەیدا بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە.
رۆژی دووشەممە، 7-11-2022، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی زانیارییەکان بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو گەورەترین بودجە دەبێت لە دوای ساڵی 2003ـەوە، لەنێوان 100 بۆ 130 ملیار دۆلار دەبێت، بەتایبەت کە ئەمساڵیش عێراق بودجەی نەبوو، پارەیەکی زۆریش بەردەستە، بۆیە دەبێت هەڵمەتێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری بەڕێوەبچێت."
ئەو کەرتە دیارانەشی دیاریکرد کە لەنێو بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو لە پێشترێتییان دەبێت و دەڵێت: "بەپێی کارنامەکەی محەممەد شیاع سوودانی پێنج کەرت زیاتر بایەخیان پێدەدرێت لەوانە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، هەژاری، بێکاری، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاکسازی لە کەرتە ئابوورییەکاندا، خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەوانە ئاو و کارەبا و رێگەوبان و خوێندن و پەروەردە بایەخی تایبەتییان پێدەدرێت؛ لە کەرتەکانیشدا کشتوکاڵ و سیستمی بانکی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بایەخی زیاتریان پێدەدرێت."
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "یەکێک لەو پێوەرانەی بەکارهاتووە بۆ پێدانی بودجە رێژەی دانیشتووانە، ساڵانێکە هەرێمی کوردستان رێژەی 12.6٪ـی بودجەی بەردەکەوێت، بەڵام ئەمساڵ دوای ئەوەی بەدواداچوونم کرد و نووسراوێکم ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کرد و پرسیارم لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لێکردبوون، لە وەڵامدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 884 هەزار و 23 کەسە، واتە دەکاتە رێژەی 14٪ـی کۆی دانیشتووانی عێراق."
سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا و باسکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: "سەردانی شاندەکە پەیوەندیی بە کارنامەکەی حکومەتی سوودانییەوە هەیە، کە لە بڕگەی 20 و 23 باس لەوە دەکات، هەردوو حکومەت دانوستاندن بکەن لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، پرسی نەوت و گاز و لیژنە دروستبکرێت بۆ پێداچوونەوە بە کێشەکانی ساڵانی رابردوو و پاکتاوی پابەندبوونەکانی ساڵی رابردوو."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەکات هاوئاهەنگییان لەگەڵدا بکەن و دەڵێت: "ئەو شاندە کە دێنە بەغدا پێویستە سەردانی ئێمە بکەن و بتوانین هاوئاهەنگ بین لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەتایبەت بودجە و یاسای نەوت و گاز و شتی دیکەش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ