بەرپرسێکی باڵا: لە رۆژانی رابردوودا چەند جارێک بە درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری هەولێر

07-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند جارێک بە درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر.
 
رۆژی سێشەممە 07-11-2023 بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند جارێک بە درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر. ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشە درۆنییەکان زیاتر بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
 
ئەو بەرپرسە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکان کەس لە سنووری هەولێر گیانی لەدەستنەداوە و کەسیش بریندار نەبووە.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لە دوو بنکە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە؛ کە ئەوانیش هەولێر و هەریرن.
 
گوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە پەیجی دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە دوو کاتی جیادا هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر.
 
پەیجی فەرمیی دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ئاسماندا تەقێندرانەوە.
 
دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشێکی دیکە لە هەمان شوێن ئەنجام دراوە کە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بووە و بە نەتەقیوی کەوتووەتە خوارەوە.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، گرووپێکی چەکداریی عێراقی بەناوی "مقاومەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەریر و ئامانجەکەیشیان پێکاوە.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لە 7-10-2023دا گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادبوون.
 
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان بە سووکی بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.