رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکداری عێراقی بەناوی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەڵێت، لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەریر. بەرپرسێکی باڵای ناوچەکە دەڵێت، هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە و هێرش نەکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7-11-2023، گرووپێکی چەکداری عێراقی بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەریر و ئامانجەکەیشیان پێکاوە.
لەو بارەیەوە بەرپرسێکی باڵای ناوچەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەواڵی هێرشکردنە سەر سنووری هەریر هیچ بنەمایەکی نییە و هێرش نەکراوە".
ئەو بەرپرسە کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، گوتیشی، بە تەواوی ئاگاداری دۆخی ناوچەکەیە و لە 24 کاژێری رابردوودا هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر سنووری هەریر.
ئەمڕۆ سێشەممە، پەیجی دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە دوو کاتی جیادا هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند جارێک بە درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری هەولێر؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشە درۆنییەکان زیاتر بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
ئەو بەرپرسە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکان کەس لە سنووری هەولێر گیانی لەدەستنەداوە و کەسیش بریندار نەبووە.
هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لە دوو بنکە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە؛ کە ئەوانیش هەولێر و هەریرن.
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لە 7-10-2023دا، گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادبوون.
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان بە سووکی بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ