سەرچاوەیەکی هەواڵگری: بەرەبەیانیی سێشەممە بە درۆن هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر

07-11-2023
تەنیا ئەحمەد
رووداو
رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەکاونتێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بەناوی "هەواڵگریی سەرچاوە کراوە" لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دوو گرتەی ڤیدیۆ رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. بەڵام تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 11-7-2023، سەرچاوەیەکی هەواڵگری لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دوو گرتە ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "بە درۆن هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی هێزی ئاسمانیی هەولێر لە باکووری عێراق، یەک درۆن گەیشتووەتە نێو پەرژینی دەوروبەری بنکەکە." 
 
لە بڵاوکراوەکە هاتووە: "وەک لە ڤیدیۆی دووەمدا دەردەکەوێت سیستمی دژە درۆنی رەیسیۆن کایۆتی کارپێدەکرێت، کە سیستمێکە بۆ دەستنیشانکردن و بەرپەرچدانەوەی درۆن لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دانراوە."
 
هەواڵگریی سەرچاوە کراوە (OSINT) بەو هەواڵگرییە پێناسە دەکرێت، کە لە رێگەی کۆکردنەوە، هەڵسەنگاندن، شیکردنەوەی زانیارییە گشتییەکانی بەردەستی، وەڵامی پرسیارێکی هەواڵگریی دیاریکراو دەداتەوە.
 
هەمان رۆژ، وێبسایتی فەرمیی فڕۆکەخانەی هەولێر گەشتێکی دواخست کە لە قاهیرەوە دەهاتە هەولێر و گەشتێکیشی هەڵوەشاندەوە کە لە دەوحەوە دەهات، بەڵام تائێستا روون نییە بەم هۆیەوە بووبێت یان نا. 
 
شەوی دووشەممە، 6-11-2023، 'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' کە گرووپێکی چەکداری سەرکردە و پێگە نادیارە، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نوێترین هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رایگەیاند: "لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی تاوانەکانی داگیرکاریی زایۆنی لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بە ئاراستە و بەڕێوەبردنی ئەمریکا، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاشکرای دەکات ئەمڕۆ دووشەممە بۆ یەکەمجار مووشەکی مامناوەند مەودایان لە جۆری 'ئەقسا یەک' بەکارهێناوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەو مووشەکە لە کردنە ئامانجی بنکەکانی داگیرکاری ئەمریکی لە عێراق و سووریا لە هەندێک لە چالاکییەکان بەکارهێنرا."
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون. 
 
رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سوپاسی پابەندیی ئیدارەکەی سوودانی کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا و گوتی، "من زۆر بە روونی گوتم ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە دەکرێن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت. ئێمە هەموو هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان. ئێمە بەدوای کێشەوە نین لەگەڵ ئێران. ئێمە زۆر روون بووین لەو بابەتە و هەرکارێک دەکەین کە پێویست بێت بۆ پاراستنی کارمەند و سەربازەکانمان، سەرۆکوەزیرانیش لەو پەیامە زۆر روونبوو."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە